برۆکسل.. لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ پەرلەمانی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا

جیهان
20:26 - 2025-05-15

وەفدێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار دیلان غەفور ساڵح، سەرۆکی لیژنەکە و پەرلەمانتاران ڤیان سەبری، حەیدەر سەلامی، موسەنا ئەمین، محەمەد سدیق و ئاریان تاوکۆزی، هەشتەمین کۆبوونەوەی پەرلەمانی خۆی لە رۆژی چوارشەممە 14ی ئایار، لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی ئەوروپا بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار ئۆوان ڕارێش بۆگدان، لە بارەگای پەرلەمان لە برۆکسل ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسگەلێکی بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان عێراق و یەکێتی ئەوروپا کرا، دیارترینیان سەقامگیری ئەمنی لە عێراق، هاریکاری ئابووری، هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، مافەکانی مرۆڤ، بارودۆخی ناوچەکە، و رێگاکانی پەرەپێدانی هاریکاری پەرلەمانی لە ڕێگەی ئامادەکاری بۆ دامەزراندنی لیژنەی هاریکاری پەرلەمانی لە نێوان ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی ئەوروپا، بەپێی مادەی 113ی ڕێککەوتنی هاوبەشی و هاوکاری لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا.

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەختی لەو هەوڵە ناوازانە کردەوە کە عێراق لەڕێگەی دامەزراوە یاسادانان و جێبەجێکارەکانیەوە، بۆ دامەزراندنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەیی، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە بنەماکانی دراوسێیەتی باش، دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ و دوورکەوتنەوە لە ململانێکانی ناوچەیی. هەروەها عێراق هەوڵ دەدات ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە، تا خزمەت بە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بکات، بەتایبەتی کە عێراق ئەوپەڕی گرنگی بە جێبەجێکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ دەدات.

وەفدی پەرلەمان ئاماژەی بەوەدا کە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت و داواشیان لە پەرلەمانی ئەوروپا کرد بەشداری لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکاندا بکات.

وەفدی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەختیان لەهەوڵی ئاسانکاریکردنی ڕێکارەکانی پێدانی ڤیزەی چوونە ژوورەوە بە عێراقییەکان لە ئەوروپا کردەوە و داوای لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کرد عێراق لە لیستی وڵاتانی مەترسیدار دەربهێنن، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو سەقامگیرییە ئابووری و ئەمنییەی کە عێراق بەخۆیەوە دەیبینێت.

لای خۆیەوە لیژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی ئەوروپا لەگەڵ عێراق بە سەرۆکایەتی ئیوان ڕارێش بۆگدان ئەندامی پەرلەمان ئاماژەی بەوەدا کە عێراق هاوبەشێکی گرنگە بۆ یەکێتی ئەوروپا و ستایشی ڕۆڵی هاوسەنگی کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ناوچەییەکان لە نێوان ناسەقامگیریی ناوچەکەدا. جەختیشیان لە گرنگی بەردەوامی پاڵپشتیی عێراق کردەوە لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. ئەوان هیوای خۆیان دەربڕی کە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان لە کەشوهەوایەکی ئەرێنی و بنیاتنەردا بەڕێوە بچێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا پابەندبوونی خۆیان لە بەردەوامیدان بە هاوکاریی پەرلەمانی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و یەکێتیی ئەورووپا، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنان، گەشەپێدانی بەردەوام، مافی مرۆڤ، حوکمڕانی، بەهێزکردنی ژنان و گەنجان، و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە دووپاتکردەوە. هەروەها داوایان کرد کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی هاریکاری یەکێتی ئەوروپا و عێراق لەمساڵدا ئەنجام بدرێت، هاوکات ڕێککەوتن لەسەر تەواوکردنی ئەو ڕێکارە پەرلەمانییانەی کە ماون بۆ پێکهێنانی لیژنەی هاوکاریی پەرلەمانی لە نێوان ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی ئەوروپا، بە ئامانجی ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی دامەزرێنەری لیژنەکە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026 لە بەغدا یان برۆکسل، بە ئامانجی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشبردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هاوبەشی نزیکتر و بەدەستهێنانی جێبەجێکردنی گونجاوی بڕگەکانی رێککەوتنی هاوبەش و هاوکاری نێوان هەردوولا.

بەشی ڕاگەیاندن
ئەنجومەنی نوێنەران
١٥ی ئایاری ٢٠٢٥

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP