خۆزێ موخیكا سەرۆكی پێشووتری ئۆرۆگوای، كە بە هەژارترین سەرۆكی جیهان ناسرابوو، لە تەمەنی 89 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
یاماندۆ ئۆرچی، سەرۆكی ئۆرۆگوای لە پۆستێكدا لە پلاتفۆرمی ئێكس نووسیویەتی، "بە خەم و پەژارەیەكی قووڵەوە ماتەمینی كۆچی دوایی پیپی موخیكا دەگێڕین، سەرۆك و چالاكوان و سەركردە و راهێنەر، زۆر بیرت دەكەین پیرەپیاوی ئازیز".
موخیكا لە سەرەتای ئەمساڵدا ئاشكرایكرد، لە مانگی ئایاری 2024دا تووشی شێرپەنجەی سورێنچك بووە و چیتر بەرگەی چارەسەركردن ناگرێت.
موخیكا لە ساڵی 1935 لەدایكبووە و لە ساڵانی 2010 تاوەكو 2015 سەرۆكی ئۆرۆگوای بوو، پێشتریش لە ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوودا یەكێك بوو لە سەركردە دیارەكانی گرووپی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن، كە دژی دەسەڵاتدارانی ئەو كاتی وڵاتەكە شەڕیان دەكرد، هەروەك یەكێك بوو لە سەركردە چەپە دیارەكانی ئەمریكای لاتین.
موخیكا كە بە "هەژارترین سەرۆكی جیهان" ناسراو بوو، بەهۆی بەخشینی نزیكەی هەموو داهاتەكەی بۆ بەرنامەیەكی نیشتەجێكردنی كۆمەڵایەتی، هەروەها ئۆتۆمبێلێكی جۆری ڤۆڵكس واگنی مۆدێلی 1987ـی لێدەخوڕی.
موخیكا لەكاتی تەشەنەكردنی نەخۆشییەكەی رایگەیاند، " جەنگاوەر پێویستە پشوو بدات".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP