سەرۆك مام جەلال، 13 ساڵ بەر لە ئێستا وەك یەكەم كورد، سەرۆكایەتی لوتكەی عەرەبی كردو وتارەكەشی كاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێناو دەستپێشخەرییەكانی بە هەوێنی چارەسەری كێشەكانی ئەمڕۆش دادەنرێن.
سەرۆك مام جەلال جگە لەوەی لە عیراق بە "سەمام ئەمان" ناونرابوو لەلایەن ئایەتوڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكەش رۆڵی بەرچاوی هەبووە و توانیویەتی سەركردانی عەرەب كۆبكاتەوە.
لە 27 تا 29ـی ئاداری 2012 لوتكەی 23ی عەرەبی لە بەغداد بەڕێوەچو و سەرۆك مام جەلال سەرۆكایەتی لوتكەكەی كرد و ئەم لوتكەیە جیاوازبوو لە لوتكەكانی دیکە كە دیموكراسیەتی عیراقی خستەڕوو بەهۆی ئەوەی كە كوردێك لوتكەكەی بەڕێوەبرد.
سەرۆك مام جەلال وتارێكی پێشكەش كرد، كە جیاوازتر بوو لە وتاری سەرانی عەرەب لە لوتكەكانی پێشووتر و جەختی لەوەكردەوە، بەڕێوەچوونی لوتكەكە گۆشەگیری سەر عیراقی هەڵگرت و سەقامگیری زیاتر بەدیدێت.
لە بەشێكی وتارەكەیدا باسی لەوەكرد، بەڕێوەچوونی لوتكەی عەرەبی لە عیراق ئاماژەیەكە بە سەركەوتویی پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی لە عیراقدا و سورن لەسەر ئەوەی بەغداد لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی كار بكات و بەشێك بێت لە ژینگەی عەرەبی.
لەلایەكی دیکەوە، سەرۆك مام جەلال لە لوتكەكەدا دەستپێشخەری كرد بۆ چارەسەركردنی دۆزی فەلەستین و لەو چوارچێوەیەدا داوایكرد دەوڵەتێكی سەربەخۆی فەلەستینی دابمەزرێت و پایتەختەكەی قودس بێت و كۆتایی بە كۆنتڕۆڵكردنی خاكی فەلەستین بێت لەلایەن ئیسرائیلەوە و وڵاتانی عەرەبی یەكهەڵوێست بن لەسەر ئەو بابەتە.
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە ئیسرائیل لە تەواوی خاكی فەلەستین و بەرزاییەكانی جۆلان بكشێتەوە و بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی لە ساڵی 1967 بۆی دیاریكراوە، هەروەها داواشیكرد كۆتایی بە خوێنڕشتن و توندوتیژی لە سوریا بهێنرێت و رێز لە ئیرادەی گەلی سوریا بگیرێت.
یەكێك لە تایبەتمەندیەكانی ئەو لوتكەیە ئەوەبوو ماوەی 20 ساڵ بوو عیراق میوانداری لوتكەی عەرەبی نەكردبوو، بەڵام سەرۆك مام جەلال پێداگربوو لەسەر ئەوەی لوتكەكە لە بەغداد ساز بكرێت و سەرۆكی وڵاتانی عەرەبی بهێنێتە بەغداد و كۆتایی بە چەقبەستوویی پەیوەندی بەغداد و وڵاتان بێت و توانی بە سەركەوتوویی ئەو كارە بەجێبگەیەنێت لە ژێر كەشێكی ئارامدا.
وتارەكەی سەرۆك مام جەلال و دەستپێشخەرییەكانی بە یەكێك لە بەهێزترین گوتاری عەرەبی دادەنرێت بۆ چارەسەری كێشەكانی ناوچەكە بە تایبەت دۆزی فەلەستین كە بووە مانشێتی هەواڵەكان و گەورەترین كێشەی ناوچەكە و جیهان.
سەرۆك مام جەلال لە ساڵی 2006 بەشداری لە لوتكەی عەرەبی كرد لە سودان و لە ساڵی 2009 لە دەوحە بەشداری لوتكەكەی كرد و لەساڵی 2010 لە لیبیا بەشداری كردووە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP