لە نێو 138 وڵاتدا، وەزارەتی ناوخۆی عیراق، لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەى هۆشبەردا پلەی
سێیەم بەدەست دەهێنێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردووەتەوە، بە گوێرەی ریزبەندی چوارەمین خولی
لووتکەی پۆلیسی جیهانیی، لە کۆی 138 وڵات و 205 ڕێکخراوی حکومی و ناحکومی،
وەزارەتەکەیان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و کۆنترۆڵکردنیدا لە پلەی
سێیەمدایە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکرد، بە هەوڵی ڕۆڵە قارەمانەکانمان، لە بەرەنگاربوونەوەی
ماددەی هۆشبەر بەردەوامین و ئێستا وەزارەتەکە ڕکابەری هاوتاکانی لە وڵاتانی پێشکەوتوو
دەکات، شەو و رۆژیش کاردەکەین تا پێشکەوتووتر بین و وڵاتەکەمان لەو مەترسییە
بپارێزین.
بە گوێرەی ئامارەکان، تەنیا لە چارەگی یەیکەمی ئەمساڵدا، لە عیراق زیاتر لە 3 هەزار کەس بەهۆی ماددەی
هۆشبەرەوە دەستگیرکراون و دەستیش بەسەر 2 تۆن و 166 کیلۆگرام لە مادەە
جیاوازەکاندا گیراوە.
خولی چوارەمی ریزبەندییەکە لەلایەن پۆلیسی دوبەیەوە کرابوو، تێیدا هیندستان
پلەی یەکەم و مۆنتینیگرۆ پلەی دووەمی بەدەستهێناوە،
وەزارەتی ناوخۆی عیراقیش پلەی سێیەمی گرتووە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP