عێراق بەندەری دەریایی فاوی هەیە،
بەڵام بەهۆی جێبەجێنەکردنی ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی، تائێستا قەدەغەی
سەر جووڵەی کەشتیوانی وڵاتەکە هەڵنەگیراوە، وەزارەتی گواستنەوەش دەڵێت، بەمزوانە قەدەغەکردنەکە
هەڵدەگیرێت.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی لاوازیی ڕێکارەکانی
پشکنین، تۆمارکردن، سەلامەتی و فریاکەوتن، بەردەوامی بە قەدەغەی سەر جووڵەی کەشتیوانی
عێراقی داوە، ئەوەش مانای وایە بەندەری فاوی عێراق بۆ جووڵەی کەشتیوانی هێشتا
گونجاو و سەلامەت نییە.
مەیسەم سافی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند، مانگی 11ـی ئەمساڵ
شاندێکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی سەردانی عێراق دەکات و هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی
جێبەجێکردنی ڕێنمایی و مەرجەکان دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی جووڵەی کەشتیوانی عێراق،
لەم دۆسیەیەشدا پێشکەوتنی گەورە بەدیهاتووە.
ئەگەر قەدەغەی سەر جووڵەی کەشتیوانی عێراق هەڵبگیرێت، لە ئاستی دەریایی و
هەرێمیدا پێگەی عێراق پتەودەبێت و کەشتیوانی عێراق دەچێتە لیستی وڵاتانی گونجاو بۆ
جووڵەی کەشتیوانی.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP