ئەمڕۆ تەیف سامی لە پەرلەمان وەڵامی پرسیارەکانی داهاتی نەوتی و نا نەوتی دەداتەوە

عێراق
10:26 - 2025-07-20

بڕیارە ئەمڕۆ، لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، میوانداریی تەیف سامی وەزیری دارایی بکات و لەبارەی بودجە و داهاتی نەوتی و نا نەوتی پرسیاری لێ بکرێت.
لەسەر داوای عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی تەممووزی 2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی حکوومەتی فیدراڵ، لەلایەن لێژنەی داراییەوە میوانداریی دەکرێت، لەبارەی چەند تەوەرێک پرسیاری لێدەکرێت، داواشی لێکراوە، داتا و زانیاریی لەبارەی ئەو پرسانە، لەگەڵ خۆی بێنێتە پەرلەمان.
بەپێی نووسراوێک کە سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاڕاستەی وەزیری دارایی فیدراڵی کردووە، تاوتوێی سێ تەوەر دەکرێت، گرنگترینیان جێبەجێکردنی بوودجەی سێ ساڵە و داهاتی ڕاستەقینەی نەوتی و نا نەوتی و کۆی خەرجی کە تا ئێستا کراوە.
هاوکات داوای ڕوونکردنەوە لە تەیف سامی دەکرێت لەسەر کۆی پارەدارکردن و قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی، لەگەڵ ئەوەشدا باس لە هۆکاری نەناردنی خشتەکانی بوودجە دەکرێت کە تا ئێستا حکوومەت خشتەکانی بوودجەی ساڵی 2025ـی نەناردووەتە پەرلەمان.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP