کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق بڕیاریدا بەکارهێنانی مەرەکەبی هەڵبژاردن لە رۆژی دەنگدان هەڵبوەشێنێتەوە.
کۆمسیۆن لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە:" ئەنجومەنی کۆمیسیاران، تاوتوێی یاداشتێکی نوسینگەی سەرۆکی کارگێڕی هەڵبژاردنەکانی کردووە کە بە ژمارە (ر أ 1317) لە رۆژی 8ی7ی2025 پێشکەشی کردووە، کە تایبەتە بە مەرەکەبی هەڵبژاردن".
راشیگەیاندووە:" دوای گفتوگۆی ئەندامانی کۆمسیاران، کۆمسیۆن بریاری دا کەبەکارهێنانی مەرەکەب لە رۆژی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنێتەوە".
لە بارەی هۆکاری لابردنی مەرەکەبی دەنگدان، عیماد جەمیل سەرۆکی فەرمانگەی راگەیاندنی کۆمسیۆن روونیکردەوە:" بەهێزی کارتی بایۆمەتری و ئامێرەکانی دیکە، وایکرد کە چیتر پێویستمان بە بەکارهێنانی مەرەکەبی هەڵبژاردن نەبێت".
راشیگەیاند:" کۆمسیۆن زۆر بە باشی پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات و مافی دەنگدەران و دەنگەکانیان تەواو پارێزراوە،ئەمەش بەهۆی کارتی بایۆمەتری و ئەو سێ لەیەکچوونانەیە کە لە رۆژی هەڵبژاردندا بەراورد دەکرێن، کە دە پەنجەی دەنگدەر پێویستە هاوشێوەی ئەو پەنجە مۆرە بێت کە لە ئامێرەکەدا تۆمارکراوە، ئەمە جگە لەوەی ئامێرەکانی دیکەش هۆکارێکی بەهێزن بۆ باش بەڕێوەچوونی پرۆسەکە".
ئەمەش لە کاتێکدایە،رۆژی 9ی4ی2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق بە زۆرینەی دەنگ، 11ـی 11ـی 2025ـی وەك ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دیاریكرد.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP