ته‌یف سامی: هه‌ركاتێك هه‌رێم نه‌وتی هه‌نارده‌كرده‌وه‌ مووچه‌ ده‌نێرین

عێراق
16:21 - 2025-07-20


ئه‌مڕۆی 20ی7ی2025 لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی عیراق كۆبووه‌وه‌و له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری دارایی عیراق وتوویه‌تی:" ناردنی مووچه‌ی مانگی ئایار بۆ هه‌رێم به‌نده‌ به‌ ناردنی داهاتی نانه‌وتی و هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌رێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆوه‌".

د. نه‌رمین مه‌عروف ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی عیراق رایگه‌یاند:"له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌گه‌ڵ ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عیراق، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد:" ناردنی مووچه‌ی مانگی ئایار بۆ هه‌رێم به‌نده‌ به‌ ناردنی داهاتی نانه‌وتی و هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌رێی كۆمپانیای سۆمۆوه‌".

" وه‌زیری دارایی عیراق ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو:" پابه‌ندین به‌بڕیاره‌كانی لێكتێگه‌یشتنی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عیراق و هه‌ركاتێك هه‌رێم داهاتی نانه‌وتی مانگی ئایار كه‌ 120 ملیار دیناره‌ ناردو هه‌نارده‌ی نه‌وتی له‌ رێگه‌ی سۆمۆوه‌ ده‌ستپێكرده‌وه‌، وه‌زاره‌تی دارایی مووچه‌ ده‌نێرێت" د.نه‌رمین واده‌ڵێت.

هاوكات عه‌توان عه‌توانی سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ریگه‌یاند:" وه‌زیری دارایی رایگه‌یاندوه‌، هه‌ركاتێك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وتنه‌كه‌ی جێبه‌جێ كرد، ئێمه‌ش مووچه‌ بۆ هه‌رێم ده‌نێرین و پابه‌ندین به‌رێككه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌ت".

 راشیگه‌یاند:" گرنگه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندبێت به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ عیراق و ده‌ستبكاته‌وه‌ به‌هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌رێگه‌ی سۆمۆوه‌، به‌وته‌ی وه‌زیری داراییش بێت هه‌ركاتێكیش هه‌رێم هه‌نارده‌ی نه‌وتی ده‌ستپێكرده‌وه‌، مووچه‌ بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت".


ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق:"له‌كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی 17ی7ی2025 دا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا چه‌ند بڕ‌‌یارێك له‌سه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم و ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركردوه‌".



بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP