تەنۆلکەی خوداوەند چیە؟

زانست و تەکنەلۆژیا
11:58 - 2020-11-24

وشەی God particle تەنها نازناوێکە بۆ یەکێک لە تەنۆلکە ژێر گەردیلەییەکان کە پێی دەگوترێت Higgs boson بۆزۆنی هیگس.

کاتێک کە زاناکان لە هەردوو هێزی کارۆموگناتیسی و هێزی ناوەکی لاوازیان دەکۆڵیەوە، بۆیان دەركەوت كە نزیکیەکی زۆر هەبە لە نێوان ئەم دوو هێزەدا، بە جۆرێک کە ئەتوانن بە هەردووکیان هێزێکی تر دروست بکەن کە پێیدەڵێن هێزی کارۆلاواز.

هەریەک لەم دوو هێزە بۆزۆنی تایبەت بە خۆیان هەیە هێزی کارۆموگناتیسی لە ڕێگەی فۆتۆنەوە دەگوێزرێتەوە کە ئەویش بارستاییەکەی سفرە لە کاتێکدا کە بارستای بۆزۆنەکانی W و Z کە هێز هەڵگری هێزی ناوەکی لاوازن زیاتر لە 80 ئەوەندەی بارستای پڕۆتۆنێکن.

لێرەدا ئەو پرسیارە دروست بوو کە بۆچی تەنۆلکەکان ئەم جیاوازیەیان هەیە لە بارستاییەکانیان، یاخود بۆچی بارستایی تەنۆلکەیەکی وەک کوارکی Top 173Gev یە و بارستایی ئەلیکترۆنێک 1ev ە؟ چی وادەکات تەنۆلکەیەک هێندە قورسبێت وە تەنۆلکەیەکی تریش بە پێچەوانەوەی بێت؟

لە ساڵی 1964 هەرسێ زانا Robert Brout, François Englert و Peter Higgs پێشنیارێکیان خستە ڕوو کە لە ئێستادا پێیدەگوترێت Brout-Englert-Higgs mechanism. ئەوان وتیان کە هەموو گەردوون بە بوارێک تەنراوە کە پێیدەگوترێت بواری هیگس، کە ئەم بوارەش لە لایەن بۆزۆنی هیگسەوە دروست بووە، هەر تەنۆلکەیەک لەگەڵ ئەم بوارەدا کارلێک نەکات بارستاییەکەی دەبێت بە سفر، وە هەتا کارلێکی نێوان تەنۆلکەیەک و ئەم بوارە زۆرتر بێت ئەوا تەنۆلکەکە بارستاییەکی زۆرتر بەدەست دەهێنێت.

ئەم میکانیزمە هیچ سەلماندنێکی بۆ نەکرابوو تاوەکو لە 4ی مانگی 7ی 2012 Cern( ڕێکخراوی ئەوروپی بۆ توێژینەوەی تەنۆلکەیی) ڕایگەیاند کە تەنۆلکەی هیگسیان لە هەردوو دیتێکتەری Atlas و CMS لە( LHC:large hadron collider) گەورە بەیەکداکێشەری هادرۆنەکان دۆزیوەتەوە، وە ڕایانگەیاند کە بارستاییەکەی 125Gev یە.

LHC: گەورەترین و بەهێزترین تاودەری سەر زەویە، کە بریتیە لە تاودەرێکی ئەڵقەیی، چێوەکەی 27km ەو دەکەوێتە قوڵی 100 مەتر لە ژێر زەویەوە، و دەکەوێتە شاری جنێف لە سویسرا.

چۆنیەتی کارکردنەکەی بریتیە لە تاودانی دوو گورزە تەنۆلکە تا نزیک خێرایی ڕووناکی بە دوو ئاراستەی پێچەوانە وە پاشان بەیەکیاندا دەکێشێت. ئەم بەیەکداکێشانە لە 4 شوێنی ئەڵقەکەدا ڕوودەدات، کە ئەوانیش دیتێکتەرەکانین، LHC چوار دیتێکتەری هەیە ئەوانیش ATLAS, CMS, ALICE وە LHCb.

ساڵێک پاش ئەم دۆزینەوەیە و لە 2013 دا هەریەک لە François Englert و Peter W. Higgs بە هاوبەشی بوونبە براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ فیزیا.

ئا: باسنێ رۆوف

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP