تۆپی پێ له‌ چاوه‌ڕوانی میسی نوێدایه‌

وەرزش
14:06 - 2022-08-09

تۆپی پێ له‌ چاوه‌ڕوانی میسی نوێدایه‌
ئاكۆ بیبانی
هه‌میشه‌ وڵاتی به‌رازیل بۆ یانه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌وروپا و جیهان لانكه‌ی دروست بوونی یاریزانی لێهاتوو و تازه‌ ده‌ركه‌وتوه‌ بووه‌ ، به‌رازیل وڵاتی وه‌رزش و تۆپی پێ پێشه‌نگه‌ له‌ دروست كردنی ئه‌ستێره‌ی تۆپی پێ و یانه‌كانی ئه‌وروپاش له‌ جه‌نگ و كێبركێیدا ده‌بن له‌ پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی تواناكانیان.
یانه‌كانی ڕیاڵ مه‌درید و به‌رشه‌لۆنه‌ ته‌نها له‌ نێو لاكێشه‌ی سه‌وزدا ڕكابه‌ری یه‌كترناكه‌ن به‌ڵكو له‌ گواستنه‌وه‌ی یاریزانان و ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌و په‌نهانیش له‌ كێشمه‌كێشدان .
له‌ چه‌ند ساڵی رابردوو هه‌ردوو یانه‌ به‌گشتی چاوه‌كانیان له‌سه‌ر یاریزانانی ئه‌مریكای باشوور و به‌دیاریكراوی وڵاتی به‌رازیل بوو بۆ ئاشكراكردنی توانا شاراوه‌كانی یاریزانان ، یانه‌كانی به‌رازیلیش له‌ رێگای هه‌نارده‌كردنی لاوه‌كانه‌وه‌ پاره‌یه‌كی خه‌یاڵیان ده‌ست ده‌كه‌وێت .
له‌ دوای  ئه‌وه‌ی یانه‌ی ِریاڵ مه‌دریدی ئیسپانی فینیسیۆس جۆنێوری گواسته‌وه‌ بۆ یانه‌كه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا ئه‌و گه‌وهه‌ره‌ به‌رازیله‌ گه‌یشت به‌ ترۆپكی گه‌شانه‌وه‌ و له‌ ئێستادا یه‌كێكه‌ له‌ باشترین یاریزانه‌كانی جیهان .
یاریزانێكی نوێ له‌به‌رازیل ده‌ركه‌وتوه‌ ، هێرشبه‌رێكی خێرا و ئاساك ئاسایه‌ له‌ نێو گۆڕه‌پان جوڵه‌ی سه‌رنج راكێش ده‌كات و خاوه‌ن به‌هره‌ی بێشووماره‌ ، شوته‌كانی موشه‌ك ئاسایه‌ ، بڕینه‌كانی سیحراوییه‌ ، پێدان و پاساته‌كانی سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ ، ئه‌و یاریزانه‌ش ئه‌ندریك فلیپی به‌رازیلی و هێرشبه‌ری ئێستای یانه‌ی پاڵمێراسه‌ ، ته‌مه‌نی ئه‌و گه‌وهه‌ره‌ ته‌نها 16 ساڵه‌ ، له‌ ئه‌مریكای باشوور به‌ میسی نوێ ناو زه‌ند ده‌كرێت ، پاڵمێراس  بۆندی له‌گه‌ڵدا هه‌یه‌ و ده‌رگای به‌ڕووی یانه‌كانیشدا كردۆته‌وه‌ كه‌ به‌ 45 ملیۆن یۆرۆ ده‌ست به‌رداری هێرشبه‌ره‌كه‌ی ده‌بێت ، هه‌ردوو یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید و به‌رشه‌لۆنه‌ فۆكه‌سه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و لاوه‌ ده‌ركه‌وتوه‌یه‌ و به‌ ئاینده‌ی تۆپی پێی ده‌زانن ! هه‌ر بۆیه‌ هه‌وڵی ڕاوكردنی  ئه‌ندریكی شانزه‌ ساڵان ده‌ده‌ن ، له‌ وڵاتی به‌رازیل یاریزانان له‌ ته‌مه‌نی شانزه‌ سالێدا ده‌توانن له‌ ریزی یه‌كه‌می یانه‌كان یاری بكه‌ن ، به‌ڵام یاساكانی تۆپی پێی ئه‌وروپا رێگانادات یاریزانی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ له‌ ریزی تیپی یه‌كه‌م یاری بكات ، بۆیه‌ یانه‌كان چاوه‌ڕونن ساڵی داهاتوو شه‌ڕی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و یاریزانه‌ بكه‌ن .
ئه‌ندریك فلیپی به‌رازیلی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی بۆ خوار ته‌مه‌ن 17 ساڵان یاریكردوه‌ له‌ئێستاشدا له‌ ریزه‌كانی یانه‌ی پاڵمێراس ده‌دره‌وشێته‌وه‌ 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP