سبه‌ی به‌ئه‌نجامدانی 8 یاری كۆتایی به‌جه‌وله‌ی یه‌كه‌می چامپیۆنزلیگ دێت
ئاكۆ بیبانی
سبه‌ی به‌ئه‌نجامدانی هه‌شت یاری ڕكابه‌ریه‌كانی جه‌وله‌ی یه‌كه‌می قۆناغی گروپه‌كان كۆتایی پێ دێت ، كه گرنگترین و به‌هێزترین یاری له‌نێوان ئینته‌رمیلان و بایرن میونشن ده‌بێت .
له كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌مدا و له یارییه‌كی به‌هێزی جه‌وله‌ی یه‌كه‌می خولی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا ، هه‌ردوو یانه‌ی ناپۆلی و لیفه‌رپول له‌سه‌ر یاریگای ئه‌رماندۆ مارادۆنا به‌ره‌نگاری یه‌كترده‌بنه‌وه ، لیڤه‌رپولی پاڵه‌وانی شه‌ش وه‌رزی چامپیۆنزلیگ ده‌یه‌وێت كۆتایی به گرێ كوێره‌ی ناپۆلی بهێنێت له نێو خاكی ئیتاڵیا كه له دوو یاری خولی یانه پاڵه‌وانه‌كان له‌وه‌رزه‌كانی 2018 -2019 و 2019 -2020 له نێو ئیتاڵیا لیڤه‌رپول شكستی هێنا ، ناپۆلی هه‌وڵده‌دات به‌هه‌مان رۆحیه‌تی پێشوو به‌ره‌نگاری محه‌مه‌د سه‌لاح و هاورێكانی ببێته‌وه و یه‌كه‌م سێ خاڵ له قۆناغی گروپه‌كان ده‌سته‌به‌ربكات .
له گروپی دووه‌میش یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌دریدی ئیسپانی له نێو یاریگای خۆی و له‌به‌رده‌م هانده‌ره‌كانی میوانداری یانه‌ی پۆرتۆ ده‌كات ، ده‌ستپێكی یانه مه‌دریده‌كه له لالیگا ده‌سپێكێكی دڵخۆشكه‌ر نه‌بووه به‌وه‌ی له چوار یاری رابردووی ته‌نها دوو بردنه‌وه‌ی هه‌یه ، له یارییه‌ك یه‌كسانبووه‌و له یارییه‌كیش دووچاری شكست هاتوه له ئێستاشدا له پله‌ی حه‌وته‌می ریزبه‌ندیه بۆیه هه‌وڵده‌دات له چامپیۆنزلیگ قه‌ره‌بووی ئه‌نجامه خراپه‌كان بكاته‌وه‌و یانه‌ی پۆرتۆ بكات به قوربانی ئامانجه‌كانی ، هه‌رچی یانه‌ی پۆرتۆیه له خولی ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی له پله‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندییه ئاماده‌كاری ته‌واویشی كردوه بۆ ئه‌و ڕووبه‌رووبونه‌وه‌یه .
یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه باشترین ساته‌كانی خۆیدایه له‌م وه‌رزه‌و یاریزانه‌كانی ئاستێكی به‌رز و سه‌رنج راكێش پیشان ده‌ده‌ن هه‌فته له‌دوای هه‌فته‌ش توانای هێرشبه‌ری ئه‌و یانه‌یه زیاتر ده‌ده‌ره‌وشێته‌وه ، یانه‌كه‌ی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی له خولی یانه پاڵه‌وانه‌كان ئاسان ده‌بێت كاتێك به‌ره‌نگاری یانه‌ی فیكتۆریا پلزینی چیكی ده‌بێته‌وه ، ئه‌ستێره‌كانی چاڤی راهێنه‌ر ته‌نها چاویان له‌به‌ده‌ستهێنانی سێ خاڵی یارییه‌كه‌یه تاكو زه‌نگی مه‌ترسی بۆ یانه‌كان لێبده‌ن و به‌هه‌موان بلێن به‌رشه‌لۆنه ئه‌مساڵ جیاوازتره له‌به‌رشه‌لۆنه‌ی پارساڵ.
یاری لوتكه و ماراسۆنی له نێوان هه‌ردوو یانه‌ی ئینته‌رمیلانی ئیتاڵی و بایرن میونشینی ئه‌ڵمانی ده‌بێت ، یارییه‌كه‌ش له یاریگای جۆزێپی میاتزا ئه‌نجام ده‌درێت ، ئه‌مه یه‌كه‌مجاره له دوای 11 ساڵ هه‌ردوو یانه زه‌به‌لاحه‌كه له قۆناغی گروپه‌كان له خولی یانه پاڵه‌ونه‌كان به‌یه‌ك ده‌گه‌ن ، به‌ده‌ر له‌وه‌ش له ساڵی 2010 و له یاری فایناڵ یانه‌ی ئینته‌رمیلان به‌سه‌ر پشتی یانه باڤارییه‌كه و به‌سه‌رپه‌رشتی مۆرینیۆ جامه‌كه‌یان به‌رزكرده‌وه ، ساڵی دواتریش نیراتزۆری بایرن میونشینی له پاڵه‌وانێتیه‌كه دوورخسته‌وه ، له مێژووی جامه‌كه ، هه‌ردوو یانه 5 جار ڕوبه‌رووی یه‌كتربونه‌ته‌وه ، دووجاریان یانه ئیتاڵیه‌كه براوه بووه ، دووجاریش یانه باڤارییه‌كه ، یارییه‌كیش به‌یه‌كسانبوون كۆتایی پێهاتوه ، به‌ده‌ر له‌وه‌ش هه‌ر یانه‌یه‌ك شه‌ش گۆڵی تۆماركردوه .
یارییه‌كی به‌هێزی دیكه‌ی جه‌وله‌ی یه‌كه‌می قۆناغی گروپه‌كان به‌یه‌ك گه‌یشتنی یانه‌كانی تۆتنهام هۆتسبێری ئینگلیزی و مارسیلیای فه‌ره‌نسییه ئه‌و یارییه‌ش له‌سه‌ر یاریگای تیپی یه‌كه‌م به‌ڕێوه‌ده‌چێت .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP