داوای راگرتنی هاورده‌كردنی مریشكی به‌ستوو ده‌كرێت

ئابوری
15:06 - 2022-09-12


نرخی مریشكی كێڵگه‌كان به‌رده‌وامه‌ له‌ دابه‌زین و به‌ وته‌ی خاوه‌ن كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان كیلۆیه‌ك مریشك بۆ نزیكه‌ی 1900 دینار دابه‌زیوه‌.

نازم عبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان رایگه‌یاندوه‌، ماوەی چەند رۆژێکە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان نرخی کیلۆیەک مریشک لە  کێڵگە پەلەوەریەکان بۆ 1900 دینار دابەزیوە، لەکاتێکدا خه‌رجی هەر کیلۆیەک مریشک زیاتر لە 3000 دیناره‌.


ئاماژەی بۆئەوەشکردوه‌، ئەو دۆخەی ئێستا زیانی زۆر بە خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان دەگەیەنێت، كه‌ دەیانجار ئەو بابەتەیان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ و حکومەتی هەرێم  باسكردوه‌و داوایانکردوە بەمەبەستی بەبازارکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، هاوردەکردنی مریشکی بەستوو رابگیرێت و بەرهەمی ئێستای پەلەوەر هەڵبگیرێتەوە و بیدات بە چێشتخانە، بنکەی تەندروستی و شوێنە گەشتیارییەکان، هەروەها داوایانکردوە حکومەت بۆ پێداویستی گۆشت بۆ هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە سوود لە بەرهەمی ناوخۆ وەربگرێت.


سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان باسی له‌وه‌شكردوه‌، تائێستا بەرپرسانی حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ هیچ بەدەم داواکارییەکانیان نەچوونە، ئەوەش ئه‌وانی (نیگەران كردووه‌) کە حکومەت هاوکاری ئەم کەرتە ناکات کە بەرەو پێشچونی باشی بەخۆیەوە بینیوە و دەیان هەزار هەلی کاری دابینکردوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP