سەرۆکی پەرلەمان: ژن‌و پیاو هەیە سزای لەسێدارەدانیان هەیەو هاوسەرگیریان کردوەو منداڵیان هەیە

کوردستان
12:05 - 2022-12-07



سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاشكرایكرد: "لەچاکسازیەکانی هەرێم ژن‌و پیاو هەیە سزای لەسێدارەدانیان هەیەو هاوسەرگیریان کردوەو منداڵیان هەیە کە ئەمە هیچ مەنتقێکی تێدانییە".

د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا، تیشكی خسته‌ كێشه‌ی یان كه‌یسی راگرتنی جێبه‌جێكردنی یاسای له‌سێداره‌دان له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌ کەیسێک یان کێشەیەکی گەوره‌ ناوی برد وتی:"، بەردەوام ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕاوێژ بەپەرلەمان دەکەن‌و گفتوگۆ لەگەڵ پەرلەمان دەکرێت لەو بارەیەوە کە دەیان کەس لەزیندانەکانی هەرێم سزای لەسێدارەدانیان هەیەو سزاکانیان جێبەجێناکرێت".

سەرۆکی پەرلەمان ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو كه‌، "خەڵک هەیە لەچاکسازیەکانی هەرێم 30 ساڵە حوکمی لەسێدارەدانی هەیەو لەزیندانە، هەندێك کەیس هەیە سزادراوە بەسزای لەسێدارەدان، بەڵام کاتێک ڕای گشتی لەسەر دروستدەبێت، سەرۆکی هەرێم مەرسومی پێده‌ردەکات‌و جێبەجێدەبێت".

باسی له‌وه‌شكرد كه‌:"بەدواداچونیان کردوە، لەهەموو چاکسازییەکانی هەرێم چەندین کەیسی سزادراو بە له‌سێداره‌دان هه‌یه‌،  پێشنیازەیاسایەکشیان بۆ لێبوردنی گشتی لەبەردەستدایە، یەکێک لەو بابەتانەی کە تێیدا هاتوە بابەتی سزای لەسێدارەدانە کە دەبێت چارەسەربکرێت، به‌ رای سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئه‌و سزادراوانه‌، "یان سزاکانیان جێبەجێبکرێت یان ئەوانەی سزاکەیان ماوه‌یه‌کی زۆری تێپەڕاندوە ئەنجومەنی دادوەریی‌و داواکاری گشتی‌و سەرۆکایەتی هەرێم‌و لایەنە پەیوەندیداره‌كانی پەیوەست بەو بابەتە، پێویستە گفتوگۆی لەباره‌وه‌ بکەن‌و بڕیاری یەکلایکەرەوە بده‌ن".

سه‌رۆكی په‌رله‌مان وتی:"ئەگەر بڕیاره‌ ئەم سزایه‌ لە یاساکانی ئێمەدا نەمێنێت با نەمێنێت‌و بە جێگره‌وه‌ی یاساكه‌ چییە با ئه‌وه‌ جێبەجێبکرێت، ئەگەر بڕیاریش وایە سزاكه‌ بمێنێت بۆ جێبەجێناکرێت " 

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP