لێپرسراوی مەکتەب پێشوازی لە سەرۆکی ئینستیوتی خوێندنی کوردی لە بەرلین دەکات

کوردستان
17:08 - 2023-01-25

ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی 2023/1/25 هەڤاڵ ئارێز عەبدوڵلا ئەندامی مەکتەبی سیاسی و  لێپرسراوی مەکتەبی گەشەپێدانی بیروهۆشیاری بەیاوەری بەشێک لە هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، هەڤاڵان ، جوتیار نوری و رەهبەری سەیدبرایم و خەمینە ساڵح، پێشوازییان لە بەڕێز دکتۆر فەریاد فازڵ عومەر مامۆستای زمان و ئەدەب و مێژووی کورد و سەرۆکی ئینستیوتی خوێندنی کوردی لە بەرلین و مامۆستا رەفیق ساڵح بەڕێوەبەری بنکەی ژین کرد.
لە دیدارەکەدا بە ناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سوپاس و دەستخۆشی لە دکتۆر فەریاد فازڵ و ئینستیوتی خوێندنی کوردی لە بەرلین کرا، لە پای هەوڵ و ماندبوونیان لە ناساندنی زیاتری ئەدەبی رەسەنی کوردی و وەرگێڕانی چەندین بەرهەمی شیعری شاعیرانی کورد وەک ئەحمەدی خانێ، مەلای جزیری و عەبدوڵلا گۆڕان. 

لە بەرامبەردا دکتۆر فەریاد فازڵ، وێڕای سوپاسگوزاری بۆ ئەو پێشوازییە گەرم و بەسەرکردنەوەیە باسی لە هەوڵەکانی خۆی وەک ئەکادیمستێکی کورد و ئینستیوتی خوێندنی کوردی لە بەرلین کرد و رایگەیاند: ئامانجی ئێمە ئەوەیە ئەدەبیاتی رەسەنی کوردی بۆ زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی و زمانەکانی دیکە وەربگێڕین، چونکە ئەو گواستنەوەیە بۆ کورد گرنگە و دەبێت کارێکی وابکەین کە نەتەوەکانی دیکە ئێمە لەڕێی ئەدەبیات و شارستانیەتە رەسەنەکەمانەوە بناسن. بۆیە ئەوەندەی بۆمان بکرێت لەسەر ئەم شێوازی ئیشکردنەمان بەردەوام دەبین و لە داهاتووشدا چەندین بەرهەمی ئەدەبیاتی کوردی وەردەگێڕین.
هاوکات باس لە کار و پرۆژەی پێکەوەیی کرا و لەداهاتوودا مەکتەبی گەشەپێدانی بیروهۆشیاری هەماهەنگ بێت لەگەڵ بەڕێزیان بۆخزمەتی زیاتری ئەدەب و رۆشنیبیری کورد بە جیهان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP