سالار مەحمود لەسەر قەرەبوونەکردنەوەی قوربانیانی جینۆسایدی كوردستان سکاڵا تۆمار دەکات

عێراق
19:29 - 2023-02-05



سالار مەحمود ئەندامی دوو خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لەسەر قەرەبوونەکردنەوەی قوربانیانی جینۆسایدی کوردستان لە ڕێگەی تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای فیدراڵی لەسەر حکومەتی عێراق، داوای قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی جینۆساید و کۆمەڵکوژی کورد دەکات، کەلەسەر دەستی  ڕژێمی پێشوی عێراق روویانداوە.

  سالار مەحمود، بۆ قەرەبوو کردنەوەی قوربانیانی، ئەنفال و کیمیاباران، رێکارەکان بەبەڵگەی پێویستەوە ئامادە کراون و بەزووترین کات دەخرێنە بەردەم دادگای فیدڕاڵی و داوای قەرەبووی زیان لێکەوتوانی هەرێمی کوردستان کراوە.

  ئەو پەرلەمانتارە بە دەنگی ئەمەریکای رایگه‌یاندوه‌" سکاڵاکەی پشت بەستوە بە مادەکانی دەستوری هەمیشەیی عێراق، بە تایبەت ماددەی 112، کە تیایدا هاتووە، دەبێت کوژمەیەک لە داهاتی نەوت و داهاتی وڵات تەرخان بکرێت، بۆ هەرێمە زیان لێکەوتووەکان لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە."

 له‌ مادەی ١٣٢ی دەستووردا ھاتووە دەوڵەت ڕێعایەتی کەس و کاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دەکات، لەگەڵ ئەوانەی لەلایەن ڕژێمی پێشوەوە زەرەر مەند بوون. لەگەڵ پشت بەستن بە بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق، لە دۆسیەکانی ئەنفال و ڕاگواستن، کەیسی فەیلیەکان، کیمیابارانی ھەڵەبجەو بەرزانیەکان کە تەعویزی سەلماندووە. 
 بە پێی بڕیاری ئەو دادگایە دەبێت کەسوکاری قوربانیەکان و گوندە ئەنفالکراوەکان و ناوچە کیمیاباران کراوەکان و راگواستراوەکان قەرەبوو بکرێنەوە. قەرەبوەکەش لە ئەستۆی دەوڵەتی عێراقە." 

 بە پێی قسەکانی سالار مەحمود داواکەی تەواو ته‌باو گونجاوه‌ لەگەڵ بڕگەکانی دەستور و قانونی عێراقی، بەو پێیەی لەدیباجەی دەستورو ھەردوو مادەی ١١٢ و ١٣٢ دەستوری عیراقدا ھاتوە. ھەروەھا بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق.

  سەبارەت بە میکانیزمی قەرەبوو کردنەوەکەش، دەڵیت "دەبێت لە ڕێگەی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراقەوە، یا لە میزانیەی ساڵانە، یان وەک چۆن  قەرەبووی زیانەکانی کوەیت کرایەوە، بە هەمان میکانیزم بێت." 

   لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی ڕاگەیاند کە کەیسەکە ئامادەکراوەو دەڵێت، " پشتیوانی نێودەڵەتیشی هەیە، بەوەی یاسا نێو دەوڵەتیەکانیش هاوڕان لە قەدەغەکردنی تاوانی جینۆساید، هاو کات قەرەبوو کردنەوەی قوربانیەکان و زیانەکان، تەنیا لە پرۆسەی ئەنفالدا ھەزاران گوند وێران بوون، جگە لە ١٨٢ ھەزار قوربانی و ئەنفالکراو."

  بە پێی قسەکانی سالار مەحموود، سکاڵاکە کەسیەو لەسەر ئەرکی خۆی دەبێت بەھاوکاری چەند پارێزەرێک. هیچ لایەنێک و تەنانەت حکومەتی هەرێمیش بەشدار نیە تێیدا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP