داواكارییەكانی یەكێتی پەیوەستە بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانەوە

جیهان
15:47 - 2023-02-15

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵدەدات لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵی 2023 ی عیراقدا ماف و شایستە داراییەكانی گەلی كورد جێگیر بكات، ئەندامێكی پەرلەمانی عیراقیش دەڵێت: "پڕۆژەكانی یەكێتی لەبودجەدا بۆ خزمەتی زیاتری خەڵكی هەرێمی كوردستان و گەلی عیراقە و ئامانجی خزمەتكردنە".
یەكێتی ئامانجی خزمەتە
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندوه‌: "یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان پڕۆژەی زۆری هەیە كە لەبەرژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستانە و سوورە لەسەر ئەوەی پڕۆژەكانی لەپڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023 جێگیر بكرێت".


دەشڵێت: "داواكارییەكانی یەكێتی پەیوەستە بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانەوە و بەرژەوەندی گشتی خستووەتە پێش بەرژەوەندییەكانییەوە و هەموو هەوڵێك دەدات كە ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا جێگیر بكات".


"یەكێتی بۆ ناوچە جێناكۆكەكانیش پلان و بەرنامەی هەیە و پێكهێنانی لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپان هەروەها مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایانی ئەو ناوچانە بۆ سەر میلاكی حكومەتی عیراق لەو پڕۆژانەن كە یەكێتی بۆ خزمەتی ناوچە جێناكۆكەكان هەوڵی بۆ دەدات" د.نەرمین مەعروف وایوت.
یەكێتی خواستی یەكدەنگییە
 یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ ئەوەی لەبەغدا پێگەیەكی بەهێزی هەیەو هەڵوێستە نەگۆڕەكانی بۆ خزمەتكردن وایكردووە لای لایەنە عیراقییەكان قبوڵكراوبێت، هەوڵی یەكدەنگی كوردیش لەبەغدا دەدات لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد.


شیروان میرزا ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندوه‌: "پێویستە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و فراكسیۆنە كوردستانییەكانی دیكە رێكبكەون بۆ ئەوەی ئەو پرسانەی پەیوەندیان بەكوردەوە هەیە یەكدەنگبن و لەپڕۆژە یاسای بودجە جێگیری بكەن".
"لە رابردوو و لەئێستاشدا یەكێتی هەوڵی یەكدەنگی كوردی لەبەغدا داوە و دەیەوێت بەپێی دەستوور كورد مافی خۆی وەربگرێت، بێگومان ئەوەش بەیەكدەنگی كورد دەبێت كە خواستی یەكێتییە" شیروان میرزا وایوت.


دەشڵێت: "یەكێتی بەهۆی هەڵوێستە نەگۆڕەكانییەوە و لەسەر كێشەكانی نێوان هەرێم و عیراق و ئامادەیی بەردەوامی لەبەغدا لای لایەنە عیراقییەكان قبوڵكراوە، ئەمە جگە لەوەی هەوڵی یەكدەنگی كوردیش لەبەغدا دەدات لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد".


وابڕیارە لەكۆتایی مانگی شوباتدا حكومەتی عیراق پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023 بنێرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و خوێندندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ بكرێت، بۆ پڕۆژە یاساكەدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چەند پڕۆژەیەكی ئامادەكردوە كە سەرجەمیان بۆ ئارامی و خزمەتی زیاتری گەلی عیراق و خەڵكی هەرێمی كوردستانە.


یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئامانجی یەكخستنی دەنگی كوردە لەبەغدا و دەیەوێت بەپێی یاسا و دەستوور كورد ماف و ئیمتیازاتەكانی لەپێناو خوشگوزەرانی زیاتری خەڵكی هەرێمی كوردستان لەعیراق بەدەستبهێنێت و هەوڵەكانیشی لەوچوارچێوەیەدا چڕكردووەتەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP