کارکردن بەسیستەمی یەکپەنجەرە لەسلێمانی دەستیپێکرد

کوردستان
12:06 - 2023-03-12


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، سیستەمی یەکپەنجەرەی لە چەند فەرمانگەیەکی سلێمانی ڕاگەیاند.

یەکپەنجەرە بەشێکە لە پرۆگرامی خزمەت کە بریتییە لە باشتر پێشکەشکردنی خزمەتەکان. هاوڵاتی خزمەتخواز بەئاسانترین شێوە و بەکەمترین رۆتین دەتوانێت مامەڵەکانی ئەنجامبدات، هەروەها رێگری دەکات لە گەندەڵی.

قوباد تاڵەبانی لەکاتی بەسەرکردنەوەی پارێزگای سلێمانی کە یەکێکە لەو پێنج دامودەزگایەی کە سیستەمی یەکپەنجەرەی تێدا پەیڕەو دەکرێت لە ئەمڕۆوە ١٢/٣/٢٠٢٣، وتی: خۆشحاڵم بە سەرپێخستنی ئەم پڕۆژە گرنگە کە بەشێکە لە ئەرکی سەرشانی ئێمە بۆ باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان.

ئاماژەی بەوەشدا؛ لەداهاتوودا جگە لەو پێنج فەرمانگەیە، دەبێت فەرمانگەکانی تریش لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان یەکپەنجەرە پەیڕەو بکەن.

لەڕێگای ئەم سیستەمەوە خزمەتخواز لە یەکپەنجەرەوە مامەڵەکەی پێشکەش دەکات و دەرئەمجامەکەشی وەردەگرێتەوە، فەرمانبەر هەموو مامەڵەکە جێبەجێ دەکات و پێویست ناکات خزمەتخواز چەند ژوورێک بکات، بەئەمەش رۆتین کەمدەبێتەوە و بەر بەگەندەڵی دەگیرێت و ئامادەکاری و ئاسانکاری تەواو دەکات بۆ پێشکەش کردنی خزمەتەکان بەشێوازی ئەلکترۆنی لەداهاتوودا.

ئەو شوێنانەی کە لەئەمڕۆوە بەسیستەمی یەکپەنجەرە کاردەکەن؛ پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی باجی دەرامەت، بەڕێوەبەرایەتی دەستبەری کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی وونبوەکان، بەڕێوەبەرایەتی باجی کۆمپانیاکان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP