هەڵمەتی نیشتمانی رواندنی یەک ملیۆن نەمام گه‌یشته‌ پێنجوێن

کوردستان
19:55 - 2023-03-12


هەڵمەتی نیشتمانی رواندنی یەک ملیۆن نەمام و سەوزکردنی کوردستان لەسەر بڕیارو ڕاسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامە، ئەمڕۆش هەڵمەتی  نەمام ڕواندن لەسنوری دوو پڕۆژەی دارستانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی بەڕێوەچوو. 

لەمیانی بەشداریکردنی لەهەڵمەتەکەدا زانا رەحمان قائیمقامی قەزای پێنجوێن وێڕای ئەوەی بە گرنگییەوە باسی لەم هەڵمەتە نیشتمانییە کرد داواکارییەکی ئاراستەی لایەنە حزبی و سەرمایەدارەکان کرد، کە بەهەمان شێوە پرۆژەی وەها جێبەجێبکەن و بەشداربن لە پاراستنی ژینگەی کوردستان و وتی، خەڵکی پێنجوێن بەگرنگییەوە لێی دەڕوانن و سوپاسی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دەکەن بۆ بەسەرکردنەوەی قەزاکەیان.

هاوکات حسێن حەمە کەریم نوێنەری نووسینگەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، ئەمڕۆ قۆناغێکی تری هەڵمەتەکەمان گەیاندە سنوری دوو پرۆژەی دارستانی گرنگ، کە ئەوانیش پرۆژەی دارستانی کێلوو سەر بەهۆبەی دارستان و پاوانی پێنجوێن و پارکی دارستانی رازیانە بوون کە توانیمان بڕێکی باش نەمامی تێدا بڕوێنین.

ئاماژەی بەوەکرد، پێنجوێن ناسراوە بەزۆری رووبەری دارستانە سروشتی لەگەڵ ئەوەشدا پلانی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی زیادکردنی رووبەری دارستانی دەستکردی لەخۆگرتووە بۆیە هەڵمەتەکە قەزاکەی گرتەوە. 

هەرلەو بارەیەوە عەلی ئەحمەد نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی رایگەیاند، لەهەڵمەتەکەدا رەچاوی ئەوەکراوە، بەپێی چڕی دانیشتوان و دابەشبوونی، نەمامی پێویست بۆ ناوچەکان دابین بکرێت لەپێناو فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبار و تەندروست بۆ دانیشتوانەکەی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP