یه‌كه‌م دانیشتنی دادگایی كه‌یسی شنیار ئه‌نوه‌ر-ی ژنه چالاكوان و رۆژنامەنوسی كورد و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێم له ویلایه‌تی ڤێرجینیا به‌ڕێوه‌چوو، كه به‌وته‌ی شنیار كه له زاری دادوه‌ره‌كه‌وه بڵاویكردۆته‌وه :" كه‌یسه‌كه سه‌رنجڕ‌اكێشه و له‌چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوو یه‌كلاده‌بێته‌وه".
شنیار ئه‌نوه‌ر له ئه‌كاوه‌نتی خۆی له تۆڕ‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكرده‌وه كه:" 7ـی نیسانی 2023 دادگای فیدڕ‌اڵی ڕ‌ۆژهه‌ڵاتی ئه‌لێكزاندریا له ویلایه‌تی ڤێرجینیا یه‌كه‌م دانیشتنی دادبینی بۆ كه‌یسی شنیار ئه‌نوه‌ر و مه‌سرور بارزانی به‌ڕ‌ێوه‌چووه".
به‌پێی زانیاره‌كانی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و دانیشته‌ی دادگا، مه‌سرور بارزانی له‌ڕ‌ێگه‌ی تیمێكی 10 كه‌سییه‌وه له دادگای فیدڕ‌اڵی ئه‌مریكا له ڤیرجینیا كه‌وته به‌رگریكردن له‌خۆی، كه تیمه‌كه‌ی پێكهاتبوون له 10 پارێزه‌ر و نوێنه‌رێكی نوسینگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، كه له‌دانیشتنه‌كه به‌شداربوو.
شنیار ده‌ڵێت:" له‌سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه‌وه‌و پاش خوێندنه‌وه‌ی كه‌یسه‌كه دادوه‌ر تۆماس سیڵبی ئیلیس داوای له پارێزه‌رانی مه‌سرور بارزانی كرد كه داواكانیان بخه‌نه‌ڕ‌وو، پاشان ته‌نها یه‌ك پارێزه‌ر له‌كۆی ئه‌و 10 پارێزه‌ره‌ی كاریان بۆ مه‌سرور بارزانی ده‌كرد، وه‌ڵامی دادوه‌ری دایه‌وه و داوای پارێزبه‌ندیان بۆ بارزانی كرد وه‌ك به‌رپرسێكی عێراقی، هه‌روه‌ها داوایانكرد كه سكاڵاكه‌ی شنیار پێویسته ئاڕ‌استه‌ی حوكمه‌تی هه‌رێم بكرێت نه‌ك خودی مه‌سرور بارزانی".
"پارێزه‌ره‌كانی مه‌سرور بارزانی ئه‌وه‌شیان به دادوه‌ر وت: كه كێشه‌ی شنیار ئه‌نوه‌ر و مه‌سرور بارزانی، كێشه‌ی ململانێی سیاسی نێوان دوولایه‌نه كه بریتین له (شنیار ئه‌نوه‌ر و مه‌سرور بارزانی" ژنه چالاكوان و رۆژنامەنوسە كورده‌كه وا ده‌ڵێت.
به‌پێی گێڕ‌انه‌وه‌ی شنیار بۆ یه‌كه‌م دانیشتنی ئه‌و دادگاییه:" دوای وه‌رگرتنی وته‌ی پارێزه‌رانی بارزانی، دادوه‌ر بانگهێشتی جۆن ڕ‌اوڵی پارێزه‌ری شنیار كرد وته‌ی خۆی پێشكه‌ش بكات، ئه‌ویش به دادگای وت (سكاڵاكاره‌كه‌م چالاكوانه و هاوڵاتیی ئه‌مه‌ریكییه و كار بۆ پرسی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕ‌اده‌ربڕ‌ین ده‌كات، نه‌ك كێشه‌ی سیاسی هه‌بێت".
به‌وته‌ی پارێزه‌كه‌ی شنیار :"مه‌سرور بارزانی خاوه‌نی ئیقامه‌ی هه‌میشه‌یی ئه‌مه‌ریكا (گرین كارد)ه و موڵكی هه‌یه له ڤیرجینیا له ناوچه‌ی مه‌كڵین كه ئه‌مانه‌ی به پاره‌ی خه‌ڵكی كوردستان كڕ‌یوه"، بۆ ئه‌وه‌ش پارێزه‌ره‌كانی مه‌سرور بارزانی ڕ‌ه‌تیان نه‌كردوه كه "بارزانی خاوه‌نی (گرین كارد)ه و موڵكی هه‌یه له ڤیرجینیا".
دوای گوێگرتن له وته‌ی هه‌ردوولا، دادوه‌ر به‌رده‌وامی به كه‌یسه‌كه دا، وتی، "ئه‌م كه‌یسه كه‌یسێكی سه‌رنجڕ‌اكێشه و له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی ئاینده بڕ‌یاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌ده‌م".
هه‌روه‌ك مایكڵ رۆبن، توێژه‌ری دیاری ئه‌مریكی، له‌تویته‌ر رایگه‌یاندوه، شنیار ئه‌نوه‌ر داواكی له‌سه‌ر بارزانی جوڵاندووه به‌تۆمه‌تی ناوزڕاندن و ده‌بێت بارزانی وه‌ڵامی دادگا بداته‌وه.
پێشتر ژنه رۆژنامه‌نوس شنیار ئه‌نوه‌ر په‌رده‌ی له‌سه‌ر مۆڵك ماڵی مه‌سرور بارزانی له ئه‌مریكا لاداو به‌وێنه و ڤیدیۆ به‌ڵگه‌كانی بڵاوكرده‌وه، پاشان له رێگه‌ی نوسینگه‌كه‌یه‌وه مه‌سرور بارزانی وه‌ڵامی رۆژنامه‌نوس شنیار ئه‌نوه‌ری دایه‌وه‌و چه‌ند تۆمه‌تێكی وه‌ك په‌یوه‌ندی سێكسی و هیتری خسته پاڵ.
ژنه رۆژنامه‌نوس شنیار ئه‌نوه‌ر له‌ساڵی 2022 دا له‌سه‌ر ناوزڕاندن و تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ست و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی سكاڵای له‌سه‌ر مه‌سرور بارزانی تۆمار كرد‌و دوێنێ 7-4-2023 دادگاییه‌كه به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ستیاری دۆسییه‌كه دانیشتنه‌كه بۆ كاتێكی دیكه دواخرا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP