ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت ڕایگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل لە ناوچەی جەلیل باڵۆنێک بەکاردەهێنێت بۆ چاودێریکردنی هاتنە ژوورەوەی هەر فڕۆکەیەک لەودیو سنوورەوە.
ڕۆژنامەکە باڵۆنەکەی بە "گەورەترین" لە جیهاندا وەسفکردووە، درێژیەکەی 117 مەتر دەبێت و بە کامێرای تایبەت و کۆمپیوتەر و ڕادار ئامادەكراوە.
ڕۆژنامەکە دەڵێت، باڵۆنەکە دەکەوێتە سەر سێگۆشەی سنووری ئوردن و سوریا و چاودێری زەوییەکانیان دەکات، هەروەها دەتوانێت مووشەکی دوور مەودا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەستنیشان بکات کە لە عێراق، ئێران، سوریا، ئوردن و لوبنانەوە هەڵدەدرێن.
ڕۆژنامەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە باڵۆنەکە چاودێری فڕۆکەکانی فڕۆکەخانەی سوریا لە دیمەشق و قووڵایی لوبنان دەکات.
ڕۆژنامەکە باس لەوە دەکات کە سوپای ئیسرائیل پێشبینی دەکات شەڕی داهاتوو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی فرە بەرەیی بێت، بە هێرشی هاوبەشی هەزاران فڕۆکە و مووشەکی کروز.
یەدیعۆت ئەحرۆنۆت پشتڕاستی دەکاتەوە کە جوڵاندن و هەڵدانی باڵۆنەکە سادە نەبووە، و یەکێکە لە ئاڵۆزترین ئۆپەراسیۆنە لۆجستیکییەکان کە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە دەیەی ڕابردوودا ئەنجامیدابێت.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمە ئەمریکییەکان گەیشتوونەتە ئیسرائیل بۆ ئامادەكردنی باڵۆنەکە، کە "سەیری ڕۆژهەڵاتی دەکات و دوور دەبینێت، سەدان کیلۆمەتر لە قووڵایی خاکی دوژمندا دیاری دەكات".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بۆ زیادکردنی گۆشەی چاولێکردن، دەتوانێت بگاتە بەرزییەکی زۆر و بەم شێوەیە مەودایەکی درێژتر چاودێری بکات".
باڵۆنە نوێیەکە هاوشێوەی باڵۆنێکی دیکەیە کە پارێزگاری لە كورە ئەتۆمییەكانی دیمۆنا دەکات.
سەرچاوە: یەدیعۆت ئەحرۆنۆت
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP