قوباد تاڵەبانی بۆ وه‌زیری ناوخۆ : نابێت دەرفەت بدرێت بە تاوانباران دەرباز بن لە یاسا و سزا

عێراق
23:46 - 2023-06-08

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازی کرد لە عەبدولئەمیر شەمری وەزیری ناوخۆی عێراق و پێکەوە باسی دواگۆڕانکاری و هەماهەنگی نێوان هەرێم و بەغدادیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە شەوی ٨ی حوزەیران لە دەباشان بەڕێوەچوو، جەخت لە گرنگی هەماهەنگی زیاتر کرایەوە لەڕووی ئەمنییەوە و بەتایبەت لەو ناوچانەی کە دەکەونە نێوان هێڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی هەرێمی کوردستان.

هەروەها باس لە هەماهەنگی نێوان هێزەکانی ناوخۆ کرایەوە بە ئاڕاستەی دەستگیرکردن و ئاڵوگۆڕکردنی داواکراوانی هەڵهاتوو لە یاسا لەنێوان شارەکانی هەرێم و عێڕاقدا، لەو بارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند؛ ئامادەی هەموو هاوکارییەکین و نابێت دەرفەت بدرێت بە تاوانباران دەرباز بن لە یاسا و سزا لە هەر شوێنێکی عێڕاق یا هەرێم بن.

 

دواتر باس لەپلان و چۆنییەتی رووبەڕوو بوونەوەی زیاد بوونی دیاردەی بەکارهێنان و بازرگانی کردن بە مادە هۆشبەرەکان و بنبڕکردنی ئەو دیاردەیە کرایەوە، بۆ ئەو مەبەستەش جەخت کرایەوە کە هەماهەنگی زیاتر دەبێت بۆ ئەو پرسە.

لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەش باس لە دۆخی سیاسی عێراق و هەرێم کراو هاوڕا بوون کە؛ نابێت دۆخی سیاسی ببێتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی لێکترازان و هەلقۆزتنەوەی ئەو لێکترازانە لەلایەن شانە نوستووەکانی تیرۆیستان و تێکدانی باری ئارامی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP