رافایل ڤاران لە مانچستەر یونایتد دەمێنێتەوە؟
ئامادەكردن و نوسینی – هەڵوێست زوهێر
رافایل ڤاران، یەكێك لە بەرگریكارە درەوشاوەكانی یاریگاكانی ئەوروپا، ئەو بەرگریكارەی هەوڵ و هێرشی هیچ هێرشبەرێك نای ترسێنێت، بەرگریەكی بەهێز لە گۆڵپارێزان و گۆڵی یانەكەی دەكات، كاتێك ڤاران لە ناو یاریگا دەردەكەوێت ئیتر هێرشبەرانی تیپی بەرامبەر دووچاری ترس و كێشەیەكی زۆر دەبنەوە، زۆر لێهاتوانە هاوكاری هاوڕێكانی دەكات لە هێڵی ناوەند و هێرشبەری، لە هەر یانەیەك یاریی كردبێت، راهێنەران متمانەیەكی سەرەكی بە رافایل ڤاران دەبەخشن، ئەو بەرگریكارە فەرەنسیە یەكێكە لە پایە گرنگەكانی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی و ئیدارەی یانەكە و ستافی هونەری متمانەیەكی زۆریان پێ بەخشیوە و دەیانەوێت لەگەڵ ئەو یاریزانەدا پلانی وەرزی نوێ بۆ هێڵی بەرگری دابنێن.
رافایل ڤارانیش یەكێكە لەو یاریزانانەی یانەكانی سعودیە چاویان بریوەتە تواناكانی و دەیانەوێت بە هاوكاری سندوقی وەبەرهەمهێنانی مەملكەی عەرەبی سعودی، بەرگریكارە تەمەن 30 ساڵانەكە بگوازنەوە ریزەكانیان، ڤاران كە یەكەم دەركەوتنی لە یانەی لانسی فەرەنسیەوە بوو و یاریی بۆ سەرجەم ئاستە تەمەنیەكانی هەڵبژاردەی فەرەنسا كردوە، ئەو پێشنیارەی چەند یانەیەكی سعودی رەتكردۆتەوە و دەیەوێت لەگەڵ شەیتانە سورەكان بەردەوام بێت.
فابریزۆ رۆمانۆی پسپۆر لە گواستنەوەی یاریزانان و چەند سەرچاوەیەكی هەواڵی ئاشكرایانكردوە: سەرباری ئەوەی لە چەندین رۆژنامە و پێگەی هەواڵی بڵاوكراوەتەوە ئەگەری هەیە ڤاران بچێتە خولی سعودی، بەڵام ئەو یاریزانە بە هیچ شێوەیەك بیری لەوە نەكردۆتەوە لە خولی رۆشن یاریی بكات.
چەند پێگەیەكی هەواڵیش دهڵێن: رافایل ڤاران هیچ پەیوەندیەكی لەگەڵ یانەكانی سعودیە نییە و تەنانەت تا ئێستا هیچ گفتوگۆیەكیشی لەگەڵیان ئەنجام نەداوە، چونكە ئامانجی سەرەكی مانەوەیە لە ریزەكانی مان یونایتد و دەیەوێت بۆ چەند ساڵێكی دیكەش لە خولەكانی ئەوروپا لە یاریكردن بەردەوام بێت و بۆ چەند جارێكی دیكەش چانسی یاریكردنی لە هەڵبژاردەی فەەرنسا پێ بدرێتەوە.
لە هاوینی 2021 یانەی مانچستەر یونایتد بە بڕی 40 ملیۆن یۆرۆ، ڤارانی بەرگریكاری لە یانەی ریاڵ مەدریدەوە گواستەوە ریزەكانی و بۆندەكەشی لەگەڵ یانە ئینگلیزیەكە لە هاوینی ساڵی 2025 كۆتایی پێ دێت، تا ئێستاش بەرپرسانی یانەكەی چەندین بۆندی گەورە و زەبەلاحیان لە پێناو دەستەبەرداربوونی ڤاران رەتكردۆتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP