ئیتانا بۆنماتی وەك باشترین كچە یاریزانی جیهان دیاریكرا

وەرزش
13:08 - 2023-10-31

ئیتانا بۆنماتی وەك باشترین كچە یاریزانی جیهان دیاریكرا 
ئیتانا بۆنماتی ئەو كچە یاریزانەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی بەرشەلۆنە دوای بەرێكردنی وەرزێكی نمونەیی و سەرنج راكێش ، دواجار شەوی رابردوو لەسەر ستەیجی باشترینەكان بینرا و خەڵاتی بالۆن دۆری ساڵی 2023 ی لەسەر ئاستی كچان بردەوە ، ئیتانا بۆنماتی ئاستێكی سەرنج راكێش و نمونەیی لەگەڵ هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەكەی پێشكەش كرد و بە شێكی سەرەكی بوو لە دەستەبەركردنی نازناوی جامی جیهانی خانمان و یەكێك بوو لە كاریگەرترین یاریزانەكانی ئەو وڵاتە ، ئیتانا بۆنماتی لە خولی یانەكانی ئیسپانیاش یەكێك بوو لەدرەوشاوەترین ئەستێرەكان و هەمیشە چەكێكی كاریگەری یانە كەتەلۆنیەكە بوو ، وەرزی رابردووش لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە لە خولی ئیسپانی 19 جار تۆڕی گۆڵی یانەكانی بەسەركردەوە و 21 پێدانی یەكلای كەرەوەشی داوە بە هاورێكانی و بوونە هەوێنی گۆڵ .
بەهۆی كاریگەری و چالاكییەكانی ئیتانا بۆنماتی ، یانەی بەرشەلۆنە وەرزێكی نمونەیی و سەرنج راكێشی پێشكەش كرد و بووە پاڵەوانی خولی ئیسپانی و جامی سوپەری ئیسپانی و هەروەها خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا ، بەدەر لەمانەش گۆڤاری فرانس فتبۆڵ جگە لە ئیتانا بۆنماتی كە وەك باشترین كچە یاریزانی جیهان دەستیشانیكرد ، كچانی یانەی بەرشەلۆنەش وەك باشترین یانەی جیهان لە ساڵی 2023 دیاریكرا .
 ئیتانا بۆنماتی لەدایك بووی ساڵی 1998 ەو تەمەنی تەنها 25 ساڵە و لە هێڵی ناوەڕاست یاری دەكات .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP