قوباد تاڵه‌بانی پشتگیریی خۆی بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران دووپاتده‌كاته‌وه‌

کوردستان
18:11 - 2023-11-26



لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بەشی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانی لە ئاسایشی سلێمانی و  بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان - سلێمانی بەسەرکردەوە.

جێگری سەرۆک وەزیران لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ بەشی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانی ئاسایشی سلێمانی لەگەڵ هەر یەکە لە هیوا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، عه‌مید خالید محەمەد قادر بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و عەقید ئەڵوەن محەمەد ساڵح لێپرسراوی بەشی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان کۆبووەوە. 

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە مەترسییەکانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان کردو پشتگیری تەواوی خۆی بۆ روبەڕووبونەوەی تاوانبارانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و دەستگیرکردنی تاوانباران دەربڕی. 

بەڕێوەبەرانی ئاسایش باسیان لە گیرگرفت و کەموکوڕییەکان کردو پلانی خۆشیان بۆ چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی تاوانباران بۆ جێگری سەرۆک وەزیران ڕوونکردەوە.

دواتر قوباد تاڵەبانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان - سلێمانی کرد و بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە لە کێشە و کەموکوڕییەکانی کۆڵییەوە.

جێگری سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە هەوڵەکانی بەڕێوەبەرو ئەفسەران و فەرمانبەرانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە کرد لە یارمەتیدانی ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەر کراوە و توانیویانە ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی هەڕەشەلێکراو لە مەترسی رزگار بکەن. 
داواشیکرد هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەهێزتر بکەن و پشتگیری تەواوی خۆشی بۆ دووپاتکردنەوە.

قوباد تاڵه‌بانی پشتگیریی ته‌واوی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان دووپاتده‌كاته‌وه‌.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP