له‌ سلێمانی کلینکی مێرسی ماری مەسیحییەکان کرایەوە

کوردستان
14:27 - 2024-02-10


ئەیمەن هێرمس قەشەی کڵێسای ماریوسف لە سلێمانی رایدەگەیەنێت: "کلینیکی مێرسی ماری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگمەنە چونکە کوالێتی کلینیکەکە زۆر بەرزە، لەپێناوی چارەسەرو خزمەتی هەمووان بێ جیاوازی کراوەتەوە، سلێمانیش شارێکی ئارامە بۆ پێکەوەژیان".

ئەمڕۆ شەممە 10-2-2024، لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێم و د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و چەندین نوێنەری حکومی و حزبی، کلینکی مێرسی ماری مەسیحییەکان کرایەوە کە تایبەتە بە منداڵانی ئۆتیزم و توشبووانی زەهایمەر و ئەوکەسانەی پێویستیان بە چارەسەری سروشتی هەیە.

کلینیکەکە یەکەمە لە ناوچەکەدا
کلینیکیەکە تایبەت دەبێت بە مەسیحییەکانی شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان، پێشتر زەویەکەی لەسەر بڕیاری سەرۆک مام جەلال دابینکرابوو، بڕیاربوو بکرێتە کڵێسایەکی تایبەت بە مەسیحییەکان، بەڵام بەڕاوێژ لەگەڵ مەسیحییەکانی کوردستان و ناوچەکە، بڕیاردرا کلینیکی پزیشکی دروستبکرێت.

کلینیکیەکە تایبەت دەبێت بە منداڵانی ئۆتیزم و توشبووانی زەهایمەر و ئەوکەسانەی پێویستیان بە چارەسەری سروشتی هەیە، هەروەها کلینیکیەکە دەبێتە یەکەمین کلینیکی راوێژکاری پزیشکی تایبەت بە مەسیحییەکان لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق، ئاین و پێکهاتەکانی دیکەش دەتوانن لە کلینیکیەکە چارەسەری پزیشکی وەربگرن.

کلینیکەکە خزمەت بە هەموو لایەک دەکات
ئەیمەن هێرمس قەشەی کڵێسای ماریوسف لە سلێمانی بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی رایگەیاندووه‌: "ساڵی 2018 دەست بە دروستکردنی کلینیکەکە کراوە، لەئێستادا تەواوبووە و تەرخانکراوە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان و هەموولایەک دەتوانن سود لە کلینیکەکە ببینن بێ جیاوازی".

قەشەکەی کەنیسەی ماریوسف وتی:"سەنتەرێکی چارەسەری وەک کلینیکی مێرسی ماری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگمەنە چونکە کوالێتی کلینیکەکە زۆر بەرزە، هەروەها ستافێکی شارەزا لە هیندستانەوە هاتوون تا چارەسەری پزیشکی پێشکەش بکەن، دەشمانەوێت لە هەموو شارێک کلینیکی هاوشێوەی تێدا دروست بکرێت"،.

وتیشی: "سلێمانی شاری رۆشنبیری و پێکەوەژیانەوە و خەڵکی سلێمانی هاوکاری یەکترن و کێشە لەنێوان هیچ لایەکدا نییە و کەشوهەواکەشی یارمەتیدەرێکی باشە بۆ چارەسەری نەخۆشەکانی کلینیکەکە". 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP