یەكێتی و گۆڕان: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوانەخرێت

کوردستان
14:19 - 2024-02-11

ئەمڕۆ یەکشەممە ١١-٢-٢٠٢٤  یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بەئامادەبوونی مستەفا سەید قادر و قوباد تاڵەبانی لەسلێمانی کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ یەکخستن و لێکنزیکردنەوەی بۆچوون و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئابورییەکانی کوردستان و روبەڕوبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی  پیرۆزبایی بەستنی کۆنفڕاسی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

 دواتر پاش تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پێکەوەکارکردنی یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی سەبارەت بە پرسە چارەنووسسازەکان.


لە تەوەرێکی دیکەدا قسە لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی نابێت کاتی زیاتر بەفیڕۆ بدرێت و پێویستە هەڵبژاردن بکرێت.

لەبەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کراو هەردوولا هاوڕابوون  پێویستە هەموو لایەنەکان هاوکاربن بۆ ئەوەی شایستەی دارایی هەرێم تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان نەکرێت و لەگەڵ بەغدا بگەنە رێککەوتنێکی ریشەیی و مافی مووچەخۆرانی هەرێم پارێزراو بێت.

هەروەها بڕیاردرا هەماهەنگی زیاتر بکرێت بۆ ئیدارەدانی باشتر و بە شێوازێک کە خزمەتی باشتری هاووڵاتیان بکرێت.

هاوکات لەدوای کۆبوونەوەکە سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" کۆبوونەکە درێژەپێدەری کۆبوونەوەکانی رابردووی نێوان هەردوولا بووە، لەچوارچێوەی رێکخستنەوەی کاروبارەکانی ئەم دەڤەرە، هەروەها کۆبوونەوەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بەردەوامییان دەبێت".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP