خانمی یه‌كه‌م شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له رێكخراوەکانی بواری مافه‌كانی مرۆڤ و پرسی ئه‌نفال، ئاماده‌كاریی و رێوشوێنه‌كانی پرسه‌و به‌خاكسپاردنی روفاتی ئه‌نفالكراوان تاووتوێدەکات.
خانمی یه‌كه‌م له‌نوسینگه‌ی تایبه‌تی خۆی له شاری سلێمانی پێشوازی لە نوێنه‌رانی ژمارەیەك رێكخراوی كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی کرد‌و دوپاتیكرده‌وه، ئه‌ركی نیشتمانی و مرۆیی هه‌مووان پابه‌ند ده‌كات بە كاركردن بۆ ته‌واوكردنی پرۆسه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی رووفاتی 172 ئه‌نفالكراو له فه‌رمانگه‌ی پزیشكی دادی به‌غداد، کە ئەویش به‌ئه‌نجامدانی رێوڕه‌سمێکی شایستەی به‌خاكسپاردن دەبێت له سلێمانی. هەروەها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كه رووفاتی ئهنفالكراوەکان چوار ساڵ و شەش مانگ، له‌فه‌رمانگه‌ی پزیشكی دادی به‌غدا مابونه‌وه.
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژه‌ی به‌پێویستی كاری به‌رده‌وام و تێپه‌ڕاندنی ئاسته‌نگه‌كان كرد بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕه به‌كۆمه‌ڵانه‌ی تا ئێستا هه‌ڵنه‌دراونه‌ته‌وه و لای خۆشیه‌وه خاتوو په‌روین محه‌مه‌د نوری شاره‌زا له سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ورده‌كارییه‌كانی پەیوەست بهئامادهكارییهكانی رێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنی رووفاته‌كان و هه‌وڵ و پاڵپشتییە به‌رده‌وامه‌كانی خانمی یه‌كه‌می خسته‌ڕوو بۆ بەئەنجامگەیاندنی رێوڕه‌سمی بهخاكسپاردنەکە، كه شایسته‌ی پێگه‌ی ئه‌و شه‌هیدانه بێت.
دواتر گفتوگۆیه‌كی به‌رفراوان له‌لایه‌ن نوێنه‌ری رێكخراوهكانەوە ده‌ستیپێكرد و جه‌ختیانكرده‌وه له‌سه‌ر پێویستی په‌له‌كردن لههەڵدانەوەی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كانی دیکە به‌شێوه‌یه‌كی زانستی، كه پارێزگاری له سه‌لامه‌تی رووفاته‌كان و سیمای شوێنی تاوانه‌كه بكات، سه‌رباری وه‌رگرتنی نمونه‌ی خوێن له‌كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری پێویست، لهمبارهیهشەوه خانمی یه‌كه‌م شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د رایگه‌یاند، رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو له‌لایه‌ن تیمێكی نیشتمانیی تایبه‌تمه‌ند له فه‌رمانگه‌ی پزیشكی دادی له به‌غدادو فه‌رمانگه‌ی كاروبار و پاراستنی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان لە دامه‌زراوه‌ی شه‌هیدان و به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ نوسینگه‌ی خانمی یه‌كه‌م و لیژنه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كاروباری بێسه‌روشوێنبوان ICMP له‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تی مۆنۆمێنتی چه‌مچه‌ماڵ، ده‌ست به‌هه‌ڵمه‌تی نیشتمانی ده‌كه‌ن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و نمونه‌ی خوێن له‌كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان.
نوێنه‌رانی رێكخراوه‌كان و هابیل ئه‌حمه‌د به‌رێوه‌به‌ری مۆنۆمێنتی چه‌مچه‌ماڵ هه‌وڵه‌كانی خانمی یه‌كه‌م-یان به‌رزنرخاند بۆ گەڕاندنه‌وه‌ی رووفاتی ئه‌نفالكراوان و رۆڵی گەورەی مرۆیی بۆ پاڵپشتیکردنی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان و هاوكاریكردنیان له گێڕاندنه‌وه‌ی رووفاته‌كان و ئه‌نجامدانی رێوڕه‌سمی پرسه و به‌خاكسپاردنیان.
كه‌سوكاری قوربانیان هیوایانخواست خانمی یه‌كه‌م به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی و په‌له‌بكات له‌پرۆسه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كانی دیکە، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌وتونه‌ته ناوچه بیابانیهكانهوه، له‌مباره‌یه‌وه خانمی یه‌كه‌م رایگەیاند؛ خزمه‌تكردنی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان ره‌هه‌ندی باڵای مرۆیی هه‌یه و شانازییه پشتیوانیان بین و سه‌ركه‌وتووبین له‌به‌دیهێنانی داواكانیاندا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP