قوباد تاڵەبانی: متمانەی تەواومان بە توانا و لێهاتوویی ژنان هەیە لەناو هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا

کوردستان
17:39 - 2024-02-25


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالانی کرد و لەگەڵ ئەفسەران و خوێندکارانی ژنی کۆلێژەکە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەک شەمە ( ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤) بەڕێوەچوو و راگری کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان ئامادەی بوو، جێگری سەرۆک وەزیران، رۆڵی سەرۆک مام جەلالی لە کردنەوەی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان بەرز نرخاند و وەبیری هێنایەوە کە سەرۆک مام جەلال گرنگی تایبەتی دەدا بە بەشداریکردنی ژنان لە خولەکانی پێگەیاندنی ئەفسەرانی ژن لەناو هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکاندا.

جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی مامۆستایان و ئەفسەرانی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالانی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە؛ ژمارەیەکی زۆر ئەفسەری دەرچووی ئەم کۆلێژە لە کوردستان و عێراق لەپێگەی گرنگن و خزمەت دەکەن.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا پێشتر عەقڵییەتێک هەبوو کە کۆسپ بوو لە بەردەم بەشداریکردنی ژنان لەم جۆرە خولانەدا، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئێستا ئەو عەقڵییەتە بەرەو کاڵبوون رۆیشتووە و دەبێت بە تەواوەتی نەهێڵرێت. دڵخۆشی خۆی دەربڕی بەوەی کە ساڵ لە دوای ساڵ رێژەی بەشداریکردنی ژنان لە خولەکانی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان بەرزتر دەبێتەوە و ئامادە دەبن بۆ ئەوەی شان بە شانی پیاوان بەرگری لە خاکی کوردستان و هاوڵاتییان بکەن.

وتیشی: متمانەی تەواومان بە توانای ژنان هەیە لە ناو هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەدا و داواشیکرد ژنان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن لە پەرەپێدانی توانا و شارەزایی خۆیان لەناو هێزە ئەمنییەکاندا.

 لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا ئێمە هێزێکمان دەوێت کە بە شێوەیەکی پیشەیی بەرگری لە خاک و هاوڵاتییانی کوردستان بکات، هێزمان بۆ ئەوە ناوێت کە غەدر لە هیچ کەس و لایەنێک بکات.

قوباد تاڵەبانی لە کۆتایی وتەکانیدا رۆڵی ژنانی لە قۆناغە جیاوازەکاندا بەرز نرخاند لە بەرگریکردن لە خاکی کوردستان و پاراستنی سەقامگیری وڵاتدا و رایگەیاند، ژنانی کورد بەوە ناسراون کە هەمیشە شانبەشانی پیاوان بەشداربوون لە بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان، هەربۆیە پێویستە لەمەودوا زیاتر کاربکرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداری ژنان لەناو هێزە ئەمنییەکاندا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP