به‌غدا تەنها ئەم مانگە مووچەی فەرمانبەرانی هه‌رێم بەبێ مەرج رەوانە دەكات

ئابوری
15:13 - 2024-02-26



وەزیری دارایی عیراق بۆ ناردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێم داوای لیستی مووچەخۆران دەكات و ئەندامێكی لیژنەی داراییش دەڵێت: "بۆ مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەران، پێویستە هەموو فەرمانبەرێكی هەرێم لە لقی بانكە فیدراڵییەكان هەژماریان بۆ بكرێتەوە".

مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبێتە خەرجی فیعلی
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەبارەی ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "شتێك بەناوی ناردنی 618 ملیار دینارەكە نەماوە، چونكە ئەو بڕەپارەیەی پێشتر بۆ هەرێم دەهات لە خەرجی فیعلی بووە لەكۆی خەرجییەكانی مووچە".

بەپێی وتەی تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق كە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندووە: "سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم هەژماری بانكیان لە نووسینگەكانی بانكی فیدراڵی لە هەرێم بۆ دەكرێتەوە"، لەوبارەیەشەوە ئەندامەكەی لیژنەی دارایی رایگەیاند: "جێگیركردنی هەژماری بانكی فەرمانبەرانی هەرێم كراوەتە مەرج بۆ ناردنی مووچەو وەزارەتی دارایی عیراقیش تەنها بۆ ئەم مانگە مووچەی فەرمانبەران بەبێ مەرج رەوانە دەكات".

هەژماری بانكی مەركەزی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دەكرێتەوە
"پێویستە لە ئێستەوە تاوەكو سەرەتای مانگی سێ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بەتەواوەتی جێبەجێ بكرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هەژماری بانكیان بۆ بكرێتەوەو بەپێی وتەی وەزیری دارایش بێت دروستكردنی هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم كارێكی ئەستەم نییە" د. نەرمین مەعروف وادەڵێت.

راشیگەیاند: "وەزیری دارایی لە كۆبوونەوەكەدا پابەندبوونی وەزارەتەكەی بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییەوە راگەیاندو ئاماژەی بەوەدا: "وەزارەتی دارایی عیراق پاڵپشت بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی مووچەی فەرمانبەران مسۆگەر دەكات و مانگانە مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت".

نەبوونی لقەكانی بانكی مەركەزی لە هەرێم كێشە دروست ناكات
لەبارەی نەبوونی لقەكانی بانكی رەشید و رافیدەین كە دوو بانكی فیدراڵین لە هەرێم، ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەدا: "نەبوونی لقی ئەو بانكانە لە هەرێم نابنە بەربەست لەبەردەم كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەران و پێدانی مووچە، بەڵكو دەتواندرێت هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم لە نووسینگەكانی دەرەوەی هەرێم بكرێنەوە".

وەزیری دارایی: مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرین
بەپێی زانیارییەكانی PUKMEDIA، تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەگەڵ ئەوەی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام داوای لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی بۆ ناردنی مووچەی مانگی شوبات كردووە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP