په‌رله‌مانتارێك: دواکەوتنی مووچە پەیوەندی بە رادەستنەکردنی داهات و ته‌وتینه‌وه‌ هەیە

ئابوری
14:44 - 2024-05-11



نزیکەی 35 رۆژە مووچەخۆرانی هەرێم، مووچەیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا 15 رۆژ تێپەڕیوە بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی عیراق و لە چەند رۆژی داهاتووشدا بەغدا مووچەی مانگی ئایار دابەشدەکات، بەڵام هەولێر چاوەڕوانی ناردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانیەتی، ئەندامێکی لیژنەی داراییش دەڵێت: "هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە بۆ ناردنی مووچە لە بەغداوە وەک پێویست نەبووە و ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بۆ دواکەوتنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم".

هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم وەک پێویست نین
سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA راگەیاندووه‌: "حکومەتی هەرێم هەنگاوەکانی بەدەمەوەچوونی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کە خۆی لە جێبەجێکردنی تەوتینی مووچەخۆران و ناردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم دەبینێتەوە، وەک پێویست نەبووە و ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بۆ دواکەوتنی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بەغداوە".
سۆران عومەر دەڵێت:" لیستی مووچەخۆرانی هەرێمیش مانگانە کە بۆ بەغدا دەنێردرێت گرفتی زۆری تێدایەو ئەمەش جارێکی دیکە هۆکارێک بووە بۆ دواکەوتنی ناردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم، کە چارەسەری ئەو کێشەیەش پەیوەستە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە"

چاوەڕێ دەکرێت بەغدا مووچەی مانگی نیسان بنێرێت
دواکەوتنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم پەیوەندی بە رادەستنەکردنی داهاتی نانەوتی و دەستپێنەكردنی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە هەیە، چاوەڕوانیش دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بەغدا پارە بۆ هەرێم بنێرێت.

لەگەڵ ئەوەی ماوەی 15 رۆژە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی عیراق کۆتاییهاتووە، بەڵام تائێستا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی نیسانیان وەرنەگرتووە و سەرچاوەیەكی نزیكیش لە وەزارەتی دارایی عیراق بە PUKMEDIA ی رایگەیاندووه‌: "بە ئەگەرێكی زۆرەوە سبەی یان دوو سبەی بەغدا پارە بۆ هەرێم دەنێرێت".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆئەوەشكرد: "هۆكاری دواكەوتنی ناردنی مووچەی مانگی نیسان لەلایەن بەغداوە پەیوەندی بە رادەستنەكردنی داهاتی نانەوتی و دەستپێنەكردنی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە هەیە، بەڵام لە ئێستادا لێكتێگەیشتنی باش لە نێوان هەرێم و بەغدا هاتووەتە ئاراوە و چاوەڕوان دەکرێت تا ناوەراستی ئەم هەفتەیە، پارەی مووچەی مانگی نیسان بۆ هەرێم بنێردرێت".

وردبینی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم کۆتایی هاتووە
هەر لەوبارەیەوە د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەوێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "لەگەڵ ئەوەی ماوەی 20 رۆژە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەخۆرانی بۆ دارایی عیراق ناردووە، لەئێستادا وردبینی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە تەواوبووە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێردرێت".

زیاتر لە 20 رۆژە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانەی بەغدا کراوە
رۆژی یەک شەممە 21-4-2024 لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغداد کراوە، بەڵام تائێستا دارایی عیراق مووچەی مانگی نیسانی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم نەناردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە لە ئەمساڵدا مووچەی سێ مانگ خەرجکراوە، بەڵام تائێستا مووچەی مانگی نیسان بۆ هەرێم نەهاتووە و مووچەخۆرانی هەرێم زیاتر لە 33 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە کە مووچەی مانگی ئازاریان بە سێ رۆژ لە 6 تا 8ـی ئازار پێدرا، بەڵام مووچەخۆرانی عیراق لە چەند رۆژی داهاتوودا مووچەی مانگی ئایار وەردەگرن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP