په‌رله‌مانتارێك هۆكاری دواكه‌وتنی مووچه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێم ئاشكرا ده‌كات

ئابوری
17:06 - 2024-06-03


ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هۆكاری دواكه‌وتنی مووچه‌ی به‌شێك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرا ده‌كات كه‌ نزیکی 60 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتوە.
هۆکاری دواکەوتنەکە وردبینییە لە لیستی مووچە
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: "بەمەبەستی بەدواداچون بۆ دواکەوتنی مووچەی بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ 3-6-2024 سەردانی وەزارەتی داراییم کرد و دەرکەوت کە تائێستا وردبینی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵییەوە تەواونەبووەو ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی ناردنی مووچەکانیان لەلایەن بەغداوە".

د. نەرمین ده‌ڵێت:"لەگەڵ ئەوەی ماوەیەکە حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی بۆ دارایی عیراق ناردووە، بەڵام لەلایەن دارایی عیراقەوە داوای زانیاری ورد و زیاتر لەسەر لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان کراوە، ئەمەش هۆکارێکی دیکەی دواکەوتنی مووچەی مانگی نیسانی بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانە کە تا ئێستا مووچەکانیان پێنەدراوە"  

لیستی مووچە بنێردرێت، پێش جەژن دابەشدەکرێت
سەبارەت بە ناردنی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمیش پێش جەژنی قوربان، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وتی: "وەزارەتی دارایی پێیان راگەیاندم ئەگەر حکومەتی هەرێم لەچەند رۆژی داهاتوودا لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی بنێرێت، لە پێش جەژنی قورباندا مووچەی مانگی ئایار رەوانەی هەرێم دەکەین".

بەپێی زانیارییەکان دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی تێبینی لەسەر لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان هەبوەو تێبینییەکانی گەیاندوەتە دارایی هەرێم و چاوەڕواندەکەن لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە زانیارییان لەسەر ئەو تێبینیانەی هەیانبووە پێبگات، بەو هۆیەشەوە ناردنی مووچەی بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم دواکەوتوە.

وەزارەتی دارایی هەرێم لە رۆژانی 15 تا 20ی ئایار مووچەی مانگی نیسانی ئەو چین و توێژانەی دابەشکرد کە لەبەغداوە مووچەکانیان رەوانەی هەرێم کرابوو، بەڵام هەتا ئێستا مووچەی مانگی نیسانی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی 70 و 80 و فەرماندەیی هێزەکانی بەرگری و فریاکەوت و هێزەکانی زێرەڤانی، پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان و ئاسایش دابەشنەکراوە، کە نزیکەی 60 رۆژە مووچەیان پێنەدراوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە