هەرێم لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی ره‌وانه‌ی به‌غدا کرد

ئابوری
15:09 - 2024-06-04

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرد، ئەندامێکی لیژنەی دارایش دەڵێت: "پێش جەژنی قوربان مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە دەنێردرێت".

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كردووه‌: "ئەمڕۆ سێ شەممە ( ٤ ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ )، لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی  کوردستانمان ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرد".

وردبینی بۆ لیستی مووچەخۆرانی هەرێم دەکەن
هەر لەو بارەوەیەوە د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتی دارایی عیراق وەرمگرتووە، لەچەند رۆژی داهاتوودا وردبینی بۆ لیستی مووچەخۆرانی هەرێم دەکەن و ئەگەر هیچ گرفتێکی نەبێت پێش جەژنی قوربان مووچەی مووچەخۆرانی مەدەنی بۆ هەرێم دەنێردرێت".

60 رۆژە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان مووچەیان وەرنەگرتووە
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو: "ئەگەر هیچ گرفتێک روونەدات چاوەڕواندەکرێت پێش جەژن مووچەی وەزارەت و دەستە مەدەنیی و بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان لەبەغداوە بنێردرێت، ئێمەش پێش جەژن دەسبەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار دەکەین".

"هەوڵەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەبارەی مووچەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان بەردەوامە، لەکاتێکدا نزیکەی 60 رۆژە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان مووچەیان وەرنەگرتووە، چاوەڕوان دەکەین تا جەژنی قوربان مووچەی مانگەکانی نیسان و ئایاری ئەو هێزانەش بنێردرێت و دابەشی بکەین"، پێشەوا هەورامانی وا دەڵێت.

ئەنجومەنی نوێنەران هەمواری خشتەی بودجەی 2024ی پەسەندکرد
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دوێنێ 3-6-2024 هەمواری خشتەی بودجەی 2024ی پەسەندکرد، کە زیاتر لە 20 ترلیۆن و 910 ملیار دینار وەک پشکی هەرێم دیاریکراوە، کەلەو رێژەیە زیاتر لە 11 ترلیۆن دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەرخانکراوەو بەپێی یاساکەش مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خراوەتە سەر خشتەکان و لە خەرجی راستەقینەوە گوازراوەتەوە بۆ خەرجی سیادی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە