واشنتۆن تاوانەکانی ڕوسیا دژی منداڵانی ئۆکرانیا سه‌ركۆنه‌ دەکات

جیهان
12:16 - 2024-06-13

ئەمریکا تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان لە دژی منداڵانی ئۆکرانیا دەداتە پاڵ ڕوسیا و جەخت لەوەدەکاتەوە لەو کاتەوەی ئۆکرانیایان داگیرکردوە، مۆسکۆ منداڵانی ئۆکرانیای گواستوەتەوە بۆ خاکی خۆی.
جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، تاوانه‌كان دژی منداڵان نەفرەت لێکراوی و ترسناکە، ڕوسیا تەنها شەڕ دژی سوپای ئۆکرانیا ناکات، بەڵکو دژی گەلی ئۆکرانیاشە.
هاوکات، کیێڤ داوای گەڕانەوەی نزیکەی 20 هەزار منداڵ دەکات، کە لە سەرەتای هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا لە 24ی شوباتی 2022ەوە ئاوارە بون بۆ ڕوسیا.
دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانیش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕوسیاو ماریا لڤۆڤا بیلۆڤا، کۆمیساری مافی منداڵان دەرکرد، بەهۆی ئه‌وه‌ی گوایە دیپۆرتکردنەوەی نایاسایی ئه‌نجامداوه‌.
لەلایەکی دیکەوە ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی: سەرۆکی ئۆکرانیا ڕاگەیاندوە، بە نیازە گەڕانەوەی هەزاران منداڵی ئۆکرانی کە گواستراونەتەوە بۆ ڕوسیا بکاتە یەکێک لە پرسە یەکەمەکانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی لە ئۆکرانیا، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەبچێت.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP