یەکێک لە یەختە تێکشکاوەکانی نزیک ئیتاڵیا کۆچبەری عیراقی تێدابووە

جیهان
22:20 - 2024-06-18

دەزگای لوتکە رایدەگەیەنێت، ئەو یەختەی لە نزیک کەناری کالەبریای ئیتاڵی تێکشکاوە پێش هەشت رۆژ لە تورکیاوە بەرێکەوتوە و کۆچبەرەکانی بە رەگەز عیراقی و سوری بوون، دەشڵێت لە ئێستادا 66 کۆچبەری نێو ئەو یەختە بێ سەروشوێنن و 26یان منداڵن.

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارەو پەنابەران دەڵێت، "بەپێی زانیاریەکان دوای ئەوەی دو یەخت لە کەناراوەکانی باشوری ئیتاڵیا تێکشکان بەلایەنی کەمەوە 17 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 60 کەسیش بێسەروشوێنن، لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆر منداڵ هەیە".

ئاماژەی بەوەشكردووە، کەشتییەکی فریاکەوتن کە لەلایەن گروپێکی فریاگوزاری فەڕەنسیەوە بەڕێوەدەبرێت 51 کۆچبەری لە یەختێکی  نوقومبودا هەڵگرت کە لە یەکەم کەشتی تێکشکاودا بون، هەروەها تەرمی 10  لەو کۆچبەرانە لە خوارەوی کەشتیەکە دۆزراونەتەوە.

لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە، یەکەم کەشتی تەنها کۆچبەری  سوری، میسری، پاکستانی و بەنگلادیشی تێدابوە، ڕزگاربوەکان ڕادەستی پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا کراون و گواستراونەتەوە بۆ کەنار دەریا،  یەختی دوەمیش  دوای ئەوەی  کە هەشت ڕۆژ پێش ئێستا لە تورکیاوە بەڕێکەوتبو پێدەچێت  بەهۆی بەهێزی شەپۆلەکانەوە تێکشکابێت.

ئاشكراشیكرد، ئەو کۆچبەرانەی کە  لە کەناری کالەبریا یەختەکەیان تێکشکاوە  لە ئێران و عێراق و سوریاوە هاتون، ڕزگاربوان ڕایانگەیاندووە کە 66 کەس بێسەروشوێنن، لەنێویاندا 26 منداڵ هەیە  "هەندێکیان زۆر گەنجن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP