دادگای فیدراڵی لەبارەی دوو دۆسێیەی تایبەت بە هەرێم کۆدەبێتەوە

عێراق
10:51 - 2024-06-30

بڕیارە ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی دوو دۆسییەی تایبەت بەهەرێمی کوردستان کۆبێتەوە، ئەوانیش پرسی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکانی نێو کامپەکانی هەرێم و بەرەنگاربوونەوەی دەستووری یاسای دژەتیرۆرە لەهەرێمی کوردستاندا .
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی کە لەماڵپەڕی ڕەسمی دادگا بڵاویکردووەتەوە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ پێنج دۆسییە تاوتوێ دەکات، کە دووانیان پەیوەندییان بەهەرێمی کوردستانەوە هەیە .
ئەوەش خراوەتەڕوو، سکاڵای یەکەمیان لەلایەن ئیڤان فایەق جابرۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەدژی هەریەک لەسەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆ لەبارەی کامپەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
سکاڵاکار داوایکردووە دادگاکە، هەرێمی کوردستان بەجێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بەداخستنی کامپی ئاوارەکان لەهەرێمی کوردستان پابەند بکات.
هەروەها  دۆسیەکی دیکەیان لەلایەن وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتی دژەتیرۆری سلێمانییەوە تۆماركراوەو داوادەکات دادگاکە ماوەی کارپێکردنی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٣ـی ساڵی ٢٠٠٦ ـی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەنادەستووری بزانێت، کە بەپێی یاسای ژمارە ٧ـی ساڵی ٢٠١٨ دیاریکراوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە