ئاسایشی نیشتمانی عێراق: 31 ئەندامی جوڵانەوەی "قوربانییەکان" دەستگیرکراون

عێراق
14:14 - 2024-06-30

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە شەش مانگی ئەمساڵدا توانیویانە 31 ئەندامی جوڵانەوەی قوربانی دەستگیربکەن، کە لە رێگەی تیروپشکەوە کەسێکیان دیاری دەکرد بۆ ئەوەی خۆی بکوژێت.
ئەرشەد حاکم وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024ەوە دەزگاکەیان توانیویەتی کۆتایی بە یەکێک لە جوڵانەوە توندڕەوەکان بهێنێت کە خۆیان بە (قوربانییەکان) دەناساند.
ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەندامانی ئەو جوڵانەوەیە هەڵدەستان بە بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی توندەڕەوی و لە رێگەی تیروپشکەوە کەسێکیان دیاری دەکرد بۆ ئەوەی خۆی بکوژێت.
ئەوەشی خستەڕو، 31 ئەندامی ئەو جوڵانەوەیە دەستگیرکراون و پێنج حاڵەتی خۆکوشتنی پەیوەست بەو دۆسیەیە لە پارێزگاکانی بەسرە و واست و ناسرییە تۆمارکراوە و هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
دەرکەوتنی جوڵانەوەی قوربان دەگەرێتەوە بۆ کۆتاییەکانی ساڵی 2022، جوڵانەوەیەکی توندڕەوە و لە رێگەی تیروپشکەوە کەسانی مێردمنداڵ و گەنج دیاری دەکات بۆ ئەوەی لە رێگەی خۆکوشتنەوە خۆیان بکەنە قوربانی لە ژێر ناونیشانی "قوربانی بۆ عەلی کوری ئەبی تاڵب".



بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە