هەواڵی کۆبوونەوەی تورکیا و سوریا لە عیراق رەتدەکرێتەوە

عێراق
12:14 - 2024-07-03

بەرپرسێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئاشکرایکردوە، هیچ جۆرە کۆبونەوەیەکی تورکی-سوری چاوەڕوانکراو، لەبەغداد وەک بەشێک لەنێوەندگریی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەڕێوەناچێت.
ئەو سەرچاوەیە کە ناوی خۆی ئاشکرانەکردوە، بەپێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی ڕاگەیاندوە، هەواڵی کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی شاندی تورکی ‌و سوری لە بەغداد، بەنێوەندگریی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوانیان ناڕاستە و هیچ نیازێک بۆ کۆبوونەوەیەکی لەو جۆرە نییە.
ئەمە لەکاتێکدایە هەینی ڕابردوو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی پەیوەندیی لەنێوان تورکیا و سوریا دروستنەکرێتەوە و ئامادەم لەگەڵ بەشار ئەسەد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان کۆببمەوە.
لەونێوەندەشدا، ڕۆژنامەی وەتەنی نزیک لەڕژێمی سوریا بەپشتبەستن بەسەرچاوەی تایبەت ئاشکرایکرد کە لەئایندەیەکی نزیکدا کۆبونەوەیەکی تورکی-سوری بەسەرپەرشتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان لەبەغدا بەڕێوەدەچێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP