گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران بەڕێوەدەچێت

جیهان
10:23 - 2024-07-05

دوای هەفتەیەک لە ئەنجامدانی گەڕی یەکەمی خولی چواردەهەمینی سەرۆکایەتی ئێران، ئەمڕۆ هەینی کاتژمێر ٧:٣٠
سەرلەبەیانی بەکاتی هەرێمی کوردستان، دەنگدانی گەڕی دوەم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێران دەستی پێكردو هەریەک مەسعود پزیشکیان و سەعید جەلیلی هەردووكاندیدی براوەی گەڕی یەكەم كێبڕكێ دەكەن بۆ ئەوەی ببنە سەرۆك كۆماری نوێی ئەو وڵاتە.

لە قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانیش بنکەیەکی دەنگدان بەڕووی ئەودەنگدەرە ئێرانیانەدا کراوەتەوە کە بەمەبەستی خوێندن یان گەشتو پرۆسەی هاوسەرگیری لەناوچەکەدا نیشتەجێن.
حسن پور نوێنەری قونسڵخانەی ئێران لە هەرێم بە کەناڵی کەرکوکی ڕاگەیاند: سەرجەم ئەوئێرانیانەی کە بەمەبەستی خوێندن و گەشتکردن و هاوسەرگیری نیشتەجێی گەرمیانن، دەتوانن لەم بنکەیە دەنگی خۆیان بدەن و بەشداری پرۆسەکەبکەن.
وتیشی: پرۆسەکە لەکەشێکی ئازادوو دیموکراسیدا بەڕێوە دەچێت تاوەکو کاتژمێر ١٢ و لەپێشوازی دەنگدەراندا دەبن. 
ڕونیشیکردەوە: وەک ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لەهەرێمی کوردستان وەکو قونسڵخانەی ئێران دە ڕۆژ لەمەوبەر  لەڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تێلگرام و پەیجەکانەوە ئاگادارییان بۆ ئێرانییەکانی نیشتەجێی هەرێم بڵاو کردۆتەوە 
تاوەکو بەشداریبکەن لەپرۆسەکەدا. 

بەپێی راگەیەندراوی دەزگای هەڵبژاردنی ئێران، لەسەدا 40ی دەنگدەران لە گەڕی یەكەمدا بەشدارییان كردوە، لە گەڕی دوەمدا ئەوانەشی پێشتر دەنگیان نەداوە مافی دەنگدانیان هەیە.
عەلی خامەنەیی، رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران، لە خولەكەكانی سەرەتای دەستپێكردنی دەنگداندان، دەنگی خۆی خستە نێو سندوقی دەنگدان و پاش ئەوە بە رۆژنامەنوسانی وت، بیستومە ئەمجارە جۆش و خرۆشی خەڵك بۆ دەنگدان زیاترە لە جاری پێشو.
خامەنەیی دو رۆژ لەمەوبەر، رێژەی بەشداریی خەڵكی لە دەنگدانی گەڕی پێشو بە كەمتر لەوەی چاوەڕێیان كردوە ناوبردو داوای كرد لە هاوڵاتیان كرد بەشدارییەكی زیاتر بكەن لە گەڕی دوەمداو وتیشی"هەر كەسێك پێی وایە كە ئەوانەی دەنگیان نەداوە، بەهۆی ئەوەیە كە دژی رژێمەكەن، زۆر هەڵەیە."
مەسعود پزیشكیان لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنەكەدا توانیبوی زیاتر لە 10 ملیۆن دەنگ و سەعید جەلیلی زیاتر لە 9 ملیۆن دەنگی بەدەستهێنابو.
هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆكایەتی ئێران دوای ئەوە دێت كە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری پێشوی ئەو وڵاتە لە روداوی كەوتنەخوارەوەی هەلیكۆپتەرەكەیدا گیانی لەدەستدا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP