زیاتر له‌ نیوەی ئیسرائیلیەكان پێیانوایە نه‌ته‌نیاهۆ هۆكاری درێژەدانە بە جەنگ

جیهان
16:42 - 2024-07-07

لە ڕاپرسییەكدا کە کەناڵی 12ی ئیسرائیلی ئەنجامیداوە، زیاتر لە نیوەی ئیسرائیلییەکان پێیانوایە شەڕی غەززە کە نزیکەی 9 مانگە بەردەوامە، بەهۆی "ئامانجە سیاسییەكانی" بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە درێژبوەتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپرسییەی کە ئەنجامەکه‌ی بڵاوکراوەتەوە، 54% بەشداربوان هۆکاری کۆتایی نەهاتنی جەنگەكە دەگەڕێننەوە بۆ ئامانجە سیاسیەكانی نه‌ته‌نیاهۆ، 34% پێیانوابو کە ئەوە بەهۆکاری بنەڕەتی و ئۆپەراسیۆنە سەربازیەكەوە بوە، 12% دڵنیانەبون لە وەڵامەكەیان.

هەر لە ڕاپرسیەكەدا هاتوە، 68%ی بەشداربوان پێیانوایە مامەڵەکردنی نه‌ته‌نیاهۆ لەگەڵ شەڕەکەدا "خراپ بوە"، لەکاتێکدا 28%ی بەشداربوان هەڵسەنگاندنێکی باشیان پێداوە و 4%ی بەشداربووان دڵنیا نەبون لە وه‌ڵامەكەیان.

جەنگی غەززە پێدەنێتە مانگی دەیەمەوەو هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كه‌رتی غەززە بەردەوامە لە دوا هێرشدا ئیسرائیل بۆردومانی خوێندنگەیەکی كرد، کە ئاوارەکانی كه‌رته‌كه‌ی تێدا نیشته‌جێ بوون لە شاری نوسیرات و لانیکەم 13 کەس گیانیان لەدەستدا.

به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی غه‌ززه‌ له‌وه‌ته‌ی ئیسرائیل هێرشده‌كاته‌ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ له‌ 7ی تشیرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردووەوە  زیاتر له‌ 39 هه‌زار هاوڵاتی  كوژراون كه‌ زۆرینه‌یان هاوڵاتی مه‌ده‌نین.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP