لە مانگی حوزەیراندا زیاتر لە 23 هەزار پڕۆسەی هاوسەرگیری لە عێراق تۆمارکراون

عێراق
11:53 - 2024-07-21

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری هاوسەرگیری و جیابوونەوەی بۆ مانگی حوزەیرانی 2024 بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە لەو ماوەیەدا زیاتر لە 23 هەزار پڕۆسەی هاوسەرگیری تۆمارکراون.
لە راگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، کۆی ژمارەی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بە گرێبەستەکانی دەرەوەی دادگاکانیشەوە گەیشتە 23 هەزار و 324 گرێبەست، لەو ژمارەیەش زۆرترینیان لە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە لە بەغداد تۆماکراون کە سێ هەزار و 976 گرێبەست بووە.
سەبارەت بە حاڵەتەکانی جیابوونەوەش، ئەو ئەنجومەنە ئەوەی خستووەتەڕوو، ”لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا چوار هەزار و 779 حاڵەتی جیابوونەوە بەوانەی دەرەوەی دادگاکانیشەوە تۆمارکراون و زۆرترینیان لە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرخ لە بەغداد تۆمارکراون کە 947 حاڵەت بووە”.
هەر بەپێی ئامارەکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ”کەمترین ژمارەی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری لە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی قادسیە تۆمارکراون کە 677 گرێبەست بووە، هاوکات کەمترین حاڵەتەکانی جیابوونەوەش لە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی سەڵاحەدین تۆمارکراون کە 98 حاڵەت بووە”.
هەر بە پێی راگەیەندراوەکە: لە پارێزگای کەرکوک، (٨٤٠) گرێبەستی هاوسەرگیری لەدادگاکان ئەنجامدراوە و (١٣٤) حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەرانیش تۆمارکراوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP