هەولێر ناسەقامگیرترین شاری هەرێمی كوردستان

کوردستان
14:14 - 2024-09-20


لە هەموو وڵاتانی جیهان، پایتەخت واتە سەقامگیری و چەسپاندنی یاسا و كەمی دیاردەی چەكداری كەچی لە هەولێری پایتەخت سەرەڕای بانگەشەی زۆری داماڵینی چەك و بەپێچەوانەی هەموو شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، زۆرترین دیاردەی چەكداری هەیە و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەر هەواڵێك لەسەر ئەوەی سەندیكایەك، رێكخراوێك، یان كۆمەڵەیەك یان هەندێ لە فەرمانبەران و مامۆستایان خۆپیشاندانێكی هێمنانە ئەنجام بدەن و تیایدا داوای مافەكانی خۆیان بكەن.
 
یەكسەر هێزە ئەمنییەكانی ئەو شارە لە كوچە و كۆڵان و شەقامەكانی هەولێر بڵاو دەبنەوە و چەكی قورسیش لەناو پایتەختەكەی هەرێم جوڵە پێ دەكەن، بەتایبەتی بڵاوكردنەوەی دەیان هەمەر و زرێپۆشە سەربازییەكان و هەر كەسێك ئەو دۆخە ناسەقامگیرە ببینێت وا دەزانێت هێزی وڵاتێكی تر هێرش دەكاتە سەر هەولێر و ئەمانیش بەو هێزە بەرگری لە پایتەختەكەمان دەكەن، نازانن ئەو هەموو هێزە لە ترسی هاووڵاتیان لەناو شارەكەدا جێگیر كراون. 

سەیرەكە لەوەدایە هەموو هەوڵ و تواناكانی ئەم هێزە بۆ پاراستنی حزبی دەسەڵاتە نەك بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان یان خاكی كوردستان و زۆربەی ئەو هێزانە خەڵكی شارەكە نین، سەرەڕای هەموو ئەو هێزە زۆرە، كەچی بە بەراورد لەگەڵ شارەكانی دیكەی كوردستان زۆرترین تاوان لەناو هەولێر تۆمار كراون، بەپێی ئامارە فەرمییەكان ژمارەی ئەو تاوانانەی كە لە هەولێر ئەنجامدراون، جار و نیوێك لە شارەكانی دیكە زیاترە. هەر بۆیە هاووڵاتیان دەپرسن، شارێك كە سەقامگیری و ئارامی لێ نەبێت، شارێك كە لە دوای (٣٠) ساڵ حكومڕانی حزبی دەسەڵات و هێشتا خەڵك لە  تینوێتی دا بخنكێت، شارێك كە بە دەست تاكە حزبێكەوە بێت و هاووڵاتیان بەهۆی هەوای ژەهراوییەوە بخنكێن، شارێك كە دەسەڵاتدارانی ئەو شارە لە ترسی هەر ناڕەزاییەكی هاووڵاتیان و فەرمانبەران هێز و چەكی قورس بۆ ناو شارەكە بجوڵێنێت، ئیتر كاتی ئەوە  هاتووە بە دەنگی خۆیان كۆتایی بە واقیعی ئێستای هەولێر بێنن و هەولێر لە دەست دەسەڵاتی تاكە حزبی رزگار بكەن و هەولێر لۆ هەولێرییەكان بگەڕێتەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP