شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: هونەرمەندانی کورد پێشمەرگەی بوارەکەی خۆیانن

کوردستان
18:52 - 2024-10-01



ئەمڕۆ سێشەممە 1ی تەشرینی یەکەم، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن، لەگەڵ بەشێک لە هونەرمەندان و هونەرمەندانی میللی سنووری سلێمانی کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە بەئامادەبوونی دکتۆر عومەری شێخ موس ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و هەریەک لە زیادی شەهید جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی و  جوتیار نوری و مامۆستا جوامێرو مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی و کاک جەزای ساز بەڕێوەچوو، هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، لەوتەیەکدا رۆڵی بەرچاوو کاریگەری هونەرمەندان و هونەرمەندانی میللی لەپێشاندانی رووی جوانی شارستانی و کەلتوورو کەلەپوری کۆمەڵگەی کوردەواری بەرزنرخاندو پێیڕاگەیاندن ئێوە هیچتان لەهونەرمەندانی جیهان کەمتر نییە.

جەختیشیکردەوە کە هونەرمەندانی کورد پێشمەرگەی بوارەکەی خۆیانن، چونکە ئەوانیش لەڕێی هونەرەکەیانەوە خزمەتێکی گەورەی کۆمەڵانی خەڵک دەکەن، هەر بۆیە پێشتر لەشاخ و شاریش لەلایەن رابەری کۆچکردوو سەرۆک مام جەلالەوە گرنگیان پێدەدراو داواکارییەکانیان بەهەند وەردەگیراو لەئێستاشدا لەلایەن سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتییەوە بایەخی بەرچاویان پێدەدرێت.

 دواتر باسی لەنەخشی گرنگ و کاریگەریی هونەرمەندان کرد لەپرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانداو جەختیکردەوە کە دەتوانن لەڕێی وشەو چالاکییە جوانەکانیان و دەنگی بەسۆزیانەوە جەماوەر بخەنە جۆش و خرۆش و هانیان بدەن دەنگ بەلیستی 129ی یەکێتی بدەن، ئەو لیستەی تەنها ئومێدە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێک کە بتوانێت هاوسەنگی لەنێو حکومەتدا دروست بکات و کەموکوڕییەکانی دەسەڵات چارەسەر بکات، بەجۆرێک کە بتوانرێت کۆتایی بەمەینەتی و نادادییەکان بهێنێت و ئاهێک بەبەر  کۆمەڵانی خەڵکی ماندووی کوردستاندا بهێنێت.

لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا هەڤاڵ دکتۆر عومەری شێخ موس، لە وتەیەکدا، هونەرمەندان و رووناکبیران و نووسەرانی بەدڵ و مێشکی هەر میللەتێک شوبهاندو پەیگیری کرد کە کاریگەریی زۆریان لەسەر خەڵک هەیەو پێویستە ئەو کاریگەرییە بۆ پشتیوانیکردنی لیستی 129 بخەنەگەڕ.

باسی لەوەشکرد کە لەهەموو جیهاندا پرسیارێکی گرنگ دەکرێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای حکومەت، ئەویش ئەوەیە؛ ئاخۆ ژیان و گوزەرانی خەڵکی باشتر کردووەو ئایا گۆڕانکاریی هێناوەتەئاراوە؟ بەو پێودانگەش بێت دەبێت کار بۆ گۆڕینی پێکهاتەی حکومەتی هەرێم بکرێت بەجۆرێک کە ببێتە حکومەتێکی خزمەتگوزار، ئەویش لەڕێی خەباتی ئاشتیانەی پەرلەمانیی دوور لەتوندوتیژیی.

دوای کۆبوونەوەکەش، تێپی هەڵپەڕکێی نیشتمان، دیمەنێک لە هەڵپەڕکێیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، وەکو ئاهەنگێکی پێشوەختەی تایبەت بەسەرکەوتنی چاوەڕوانکراوی یەکێتی لەپرۆسەی هەڵبژاردندا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە