ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێك ئاراستەی كەركوكییەكانی دانیشتوی شارەكە و نیشتەجێی شارەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق دەكات و پیرۆزباییان لێدەكات بەبۆنەی بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی سەرژمێری
دەقی پەیامەكە ...
کۆمەڵانی خەڵکی بەشەرەفی کەرکوک
خوشک و براکانمان لە دانیشتوانی بەڕێزی کەرکوک و کەسوکارمان لە ئاوارە و نیشتەجێکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق کە بە بنەچە کەرکوکین.
پڕبەدڵ دەستخۆشی و پیرۆزبایتان لێدەکەم بۆ ئەو هەڵوێستە بەرپرسیارانەتان کە رۆژانی سەرژمێری گشتیتان کردە بۆنەیەکی گەورەی نیشتمانیی و پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و لە پارێزگای کەرکوک و دەوروبەری ، بە گیانی پەرۆشی و هیممەتی شارستانیتان بەشداربوون لەم سەرژمێرییە و خۆتان و کەسوکارتان بە کەرکوکی تۆمارکردەوە.
لە کەرکوکی خۆشەویست ڕۆژانی سەرژمێری هەر ناونووسکردن و خۆتۆمار کردنی هاوڵاتیان نەبوو کە ئەم بابەتەش بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەمان و بۆ هاوڵاتیبوون و مافەکانیان پێویستن، بەڵکو وێستگەیەکی تری خەباتی مەدەنی و ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتی دانیشتوانی خۆڕاگری کەرکوک و خەڵکە رەسەنەکانمان بوو کە لە شوێنەکانی تر نیشتەجێن ،
ئەم رووداوە بۆ ئێمە وەک سەرژمێری دێرینی ساڵی ١٩٥٧ گرنگە و هیوادارین پێکەوەش بنەما و بەڵگەی داهاتوو بن بۆ سەلماندنی رەوایەتی و خاوەندارێتی گەلەکەمان لە زێدی مێژوویی خۆی لە کە کەرکوک وەک شاری برایەتی و پێکەوەژیان ، ببێتە دەسکەلای رەوا بۆ نەخشەرێی ماددەی ١٤٠ و هەموو ئیستیحقاقە دەستورییەکانمان لە عیراق.
هەر بەو بۆنەیەشەوە دەستخۆشی لە دامودەزگاکانی ئیدارەی کەرکوک ، بەڕێز پارێزگار کاک رێبوار تەها و سەرجەم دامودەزگا ئەمنییەکان و پۆلیسی هاتووچۆ و مامۆستایانی خۆشەویست و سەرجەم فەرمانبەرانی ئازای فەرمانگەکانی سەرژمێری دەکەین، دەستخۆشی لە هاوڵاتیانی میواندۆستی شارەکەمان دەکەین کە ئامێزی کەرکوکی و خزمانەیان بۆ میوانانی خاوەن ماڵ کردەوە،
سەرکەوتن بۆ ئەم خەباتە مەدەنییە نوێباوە،
سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان.
براتان
ئاسۆ مامەند
سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢١-١١-٢٠٢٤
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP