بەڕێوەبەری بازگەکانی کەرکوک گۆڕدرا

کوردستان
19:23 - 2024-11-22


بەڕێوەبەری بازگەکانی کەرکوک گۆڕدرا و عەقید ئەرکان ئەکرەم بەوەکالەت کاروبارەکان بەڕێوەدەبات.
عەمید سابیر محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند، دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ بانگهێشتی عەمید مستەفا نەوزاد بەڕێوەبەری بازگەکانی کەرکوک و 17 ئەفسەر و پۆلیسی دیکەی کرد بۆ بەغدا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە، ئەمڕۆ ئەفسەرێکی دیکە بە پلەی عەقید بە ناوی ئەرکان ئەکرەم بە وەکالەت کرا بە بەڕێوەبەری کاروباری بازگەکانی کەرکوک.
وتیشی، “مستەفا نەوزاد ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆیە و وەزارەت بانگهێشتی کردووە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە هەندێک کاری ئیداریی و لێکۆڵینەوە”.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە دوێنێ وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لێپێچینەوەیان لەگەڵ 18 ئەفسەرو کارمەندی بازگەکان کردووە و لەسەریان ساغ بووەتەوە گەندەڵی داراییان کردووە و دەستگیرکراون.
پێشتریش وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیاندراوێکدا روونیکردبووە، دەنگۆی دەستگیركردنی 320 ئەفسەر و کارمەندی بازگەکانی کەرکوک، گوایە پەیوەندی بە بابەتی  پرۆسەی سەرژمێرییەوە هەبێت، راست نییە، بەڵکو 18 ئەفسەر و کارمەندیان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کردووە.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP