تورکیا بۆ دورخستنەوەی نەیارەکانی ئەردۆغان پەنا بۆ قەیووم دەباتەوە

کوردستان
15:12 - 2024-11-23

 
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەیووم لە شوێنی هاوسەرۆکی شارەوانیی دێرسیم و سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی پـــلـــور دانرا.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڕیاری دا هاوسەرۆکی شارەوانیی دێرسیم و سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی پلور لە پۆستەکانیان دووربخاتەوە و قەیووم لە شوێنیان دابنێت.

جەودەت کۆناک هاوسەرۆکی شارەوانیی دێرسیمە و سەر بە  (دەم پارتی)یه‌ و مستەفا ساریگول سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی پلورە و سەر بە جەهەپەیە.

لەلایەکی دیکەوە، چوار فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسایەکیان لەبارەی قەیووم پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردوە و رونیانکردووه‌تەوە کە: قەیووم پێچەوانەی دەستووری تورکیایە و پێویستە هەڵبوەشێندرێتەوە.

ئەو چوار فراکسیۆنەش پێکهاتوون لە جەهەپە، و دەم پارتی و ئیی پارتی و فڕاکسیۆنی هاوبەشی پارتی ئایندە و سەعادەت.

جیا لە ئەندامانی ئەو چوار فراکسیۆنە، ئەندامانی پێنج حزبی دیکەی تورکیا واژۆیان لەسەر پرۆژەیاسای کۆتاییهێنان بە قەیووم کردووە.

 گۆکهان ئایدن، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپەش دەڵێت:" پشتگیریکردنی 10 حیزبی تورکیا لە پرۆژەیاسای کۆتاییهێنان بە قەیووم، "زۆر گرنگە" و رەخنەی لەو چوار حیزبەی دیکە گرت، کە پێکهێنەری هاوپەیمانیی جمهورن و پشتیوانیی لە پرۆژەیاساکە ناکەن."

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP