سزاکەى فینیسۆس جۆنیۆر زۆر نابێت !
ئاکۆ بیبانى
فینیسۆس جۆنیۆرى بەرازیلى و هێرشبەرى
یانەى ریاڵ مەدریدى ئیسپانی ، هێشتا بە شێوەى هەرزەکارانە لە نێو یاریگادا
دەردەکەوێت و نەیتوانیوە ئەو سنورە تێپەڕێنێت کە چیتر نەبێتە جێگاى مشتومڕو کارو
کردەوەى نەشیاو ئەنجام نەدات ! چ بەرامبەر بە داوەر یاخود یاریزانان یان
گێرەشێوێنى و گاڵتەکردن بە هاندەران .
فینیسۆس جۆنیۆر بە دەرونێکى
ناجێگیرەوە دەچێتە گۆڕەپانەوە ، ئێستا هاندەرانى یانەکانى دژى ریاڵ مەدرید خاڵى
لاوازى فینی بەرازیلیان کەوتۆتە دەست و بە ئاسانترین شێوە دەتوانن دەرونى تێکبدەن و دووچارى هەڵەى گەورەى بکەن .
فینیسۆس بەر لە یارى نێوان یانەکەى و
فالانسیا ، دووچارى هێرشى هاندەران بوەوەو گاڵتەیان پێدەکرد ، ئەمەش دەرونى
بەتەواوى تێکدا ، تەنها 12 دەقیقە ماوە یارى نێوان فالانسیا و ریاڵ مەدرید کۆتایی
پێ بێت ، ریاڵ مەدرید بە گۆڵێک لە دواوەیە ، ستۆڵ دیمیتریڤسکی گۆڵپارێزى یانەى
فالانسیا هێرش دەکاتە سەر یاریزانە بەرازیلیەکە لە کاتێکدا لەسەر زەوییەو پاڵى
پێوەدەنێت ، لەبەرامبەردا ڤینى کۆنترۆڵى خۆى لەدەست دەدات و هێرش دەکاتە سەر
گۆڵپارێزەکە ، دوای روداوەکە ڕیال مەدرید
هەست بە توڕەیییەکی زۆر دەکات لە بڕیارەکانی سۆتۆ گرادۆی ناوبژیوان و هەروەها مونیز ڕویزی ناوبژیوانی ڤار
، سەبارەت بە شێوازی هەڵسەنگاندنی لێدانەکەی نێوان ڤینیسیۆس و دیمیتریڤسکی و
پێدانى کارتى سوور بە هێرشبەرەکەیان .
بەگوێرەی ڕۆژنامەی " مارکا
"، سەرچاوەیەک لە یەکێتى تۆپى پێى ئیسپانیاوە پشتڕاستی کردۆتەوە کە سزای ڤینیسیۆس تەنها بۆ دوو یاری ڕاگرتن دەبێت،
بەو پێیەی ڕووداوەکە بە دەستدرێژی هەژمار نەکراوە، بە لەبەرچاوگرتنی فاکتەری توڕەکردن
و ئیستیفزاز پێکردن لەلایەن گۆڵپارێزەکەى یانەی
ڤالێنسیاوە .
یانەی ڕیال مەدرید بەنیازە تانە لە لێدانی
سزای ڤینیسیۆس بدات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ڕوویداوە بە وردی حوکمی لەسەر نەدراوە،
بەو پێیەی ئیستفزازی گۆڵپارێزی ڤالێنسیا و کەوتنی زیادەڕەوی پشتگوێ خراوە.
( مارکا ) ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەتا
قسە و باسێک هەبووە کە سزای فینیسۆس لە ٤ یاری
کەمتر نەبێت، بە پشتبەستن بە پۆلێنکردنی ڕووداوەکە وەک دەستدرێژیکردن، ئەمەش ئەوەیە
کە مادەی ١٠٣ سەبارەت بە دەستدرێژیکردن دیاریکردووە، بەڵام ئێستا وا دیارە کە ئەم
سیناریۆیە بەدووری دەزانرێت، وەک چاوەڕوانییەکان ئاماژەن بۆ سەپاندنی لێدانی سزا تەنها
بۆ دوو یاری.
تا ئێستا وادەی کۆبوونەوەی لیژنەی ڕکابەرییەکان
دیارینەکراوە کە سزاکەی هێرشبەرەکەى ریاڵ مەدرید یەکلایی بکاتەوە، بەڵام دەبێت پێش دووشەممەی
داهاتوو بڕیارەکە دەربچێت، کاتێک ڕیال مەدرید لە جامی شاى ئیسپانیا یارى هەیە .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP