ئاژانسی وزەی جیهانی بڵاویکردەوە،
ساڵانە لە عێراق 12 ملیار مەتر سێجا غاز بەهەدەر و بێسوود دەسووتێت.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، عێراق کار بۆ
ئەوە دەکات سوتانی بێسوودی غازی ساڵانەی کەمبکاتەوە، بەڵام هەنگاوەکانی زۆر هێواش
و لەسەرخۆن، ساڵانە 12 ملیار مەتر غاز بەبێ سوود دەسوتێت و ئەوەش زیانێکی گەورەی
لە ئابووریی ئەو وڵاتە داوە.
راپۆرتی ئاژانسەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش
کردووە، گەشەی بەکارهێنانی غاز لە جیهاندا، لە ساڵی رابردوودا 2.8% بووە، کە
دەکاتە 115 ملیار مەترسێجا و توانیویەتی رێژەیەکی زۆر لە پێداویستییەکانی هاوڵاتییان
دابینبکات.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە لە
ناوەڕاستی ساڵی رابردوودا، عێراق 65%ـی غازەکەی بێ هیچ سوودێک دەسووتێت، کە دەکاتە
12 ملیار مەتر سێجای ساڵانە.
ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژانی 28 و 29ی ئەم
مانگە و بە بەشداریی 400 کەسایەتی سیاسی، خاوەن کۆمپانیا و و گەورە شارەزای بواری
وزە، لە بەغدا "کۆنگرەی عێراق بۆ وزە" بەڕێوەدەچێت، پرسی نەوتی هەرێمی
کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش تەوەرێکی سەرەکی کۆنگرەکە
دەبێت.
ئێستا عێراق لەڕووی یەدەگی نەوتییەوە
پێنجەم دەوڵەمەنترین دەوڵەتی جیهانە و قەبارەی یەدەگی نەوتی بە 145 ملیار بەرمیل و
یەدەگی غازی سروشتیشی بە زیاتر لە 126 ترلیۆن پێ سێجا مەزەندە دەکرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP