قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی فەڕەنسا کۆبووەوە

کوردستان
19:01 - 2025-03-17



قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیان باس لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا کرا.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە(17/3/2025) بە ئامادەبوونی یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێم بەڕێوەچوو، تاوتوێی دواین پەرەسەندنەکانی گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە کۆبوونەوەی رۆژی رابردووی نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی کرد کە لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچووە و لێکتێگەیشتنی باش لەسەر پرسە گرنگەکانی پەیوەندیدار بە پێکهێنانی حکومەت دروست بووە. روونیشی کردەوە کۆبوونەوەکە کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر کۆبوونەوەی داهاتوی وەفدی باڵای دانووستانکاری یەکێتی و پارتی.
هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەدا هەرێمی کوردستان پێویستیی بە حکومەتێکی کارا و بەهێز و خزمەتگوزار هەیە. وتیشی هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە کە لە رێککەوتنی ئەمجارەی پێکهێنانی حکومەتدا، میکانیزمی گونجاو دیاری بکرێت بۆ ئەوەی لایەنەکان پابەند بکرێن بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.   

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی سوریا کرا و رێککەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع بە هەنگاوێکی گرنگ و پێویست دانرا. جێگری سەرۆکوەزیران هیوای خواست هەموو لایەن و پێکهاتەکانی سوریا بتوانن لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە کێشەکان چارەسەر بکەن و سوریای نوێ بە جۆرێک بونیاد بنرێتەوە کە ماف و داواکارییەکانی هەموو پێکهاتەکان دابین بکرێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP