شێخ جەعفەر: یەکڕیزی بنەمای سەرەکی پاراستنی هەرێمە

کوردستان
14:35 - 2025-04-05

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری688 ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت:" ئاشتبوونەوە و یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان بنەمای پاراستنی هەرێمە کە پاڵپشت بە بڕیاری (688)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی هاتە بوون".

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری (688)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند:" بڕیاری (688)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لە (5ی4ی2025)دا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، پاڵپشت بە بەشی حەوتەمی دەستووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرچوو، کە بریتی بوو لە بڕیاری ناوچەی دژە فڕین لە سەرووی هێڵی (36)وە، ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات کە ڕژێمی بەعسی لەناوچوو ڕاپەڕینەکەی بەهاری ساڵی (1991)ی سەرکوت کرد و خەڵکی کوردستانی ڕووبەڕووی کۆڕەوێکی ملیۆنی کردەوە".

ئاماژە بەوەشدەکات بڕیارەکە:" بۆ یەکەمجار هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە پڕۆسەیەکی دیموکراسی بەرهەمهێنا و بووین بە خاوەن حکومەتێکی خۆماڵیی و گەیشتن بەم قۆناغەی ئەمڕۆ کە خاوەن قەوارەی هەرێمی کوردستانین".

لە کۆتایشدا، جێگری سەرۆکی هەرێم رایدەگەیەنێت:" گرنگە پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان بە گرنگ سەیر بکەین، ئەگەر بمانەوێ ئەم پاڵپشتیانە بەردەوامی هەبێت، دەبێت ئاشتبوونەوە و یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان بکەین بە بنەمای پاراستنی ئەو هەرێمەی کە پاڵپشت بە بڕیاری (688)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی هاتە بوون، چونکە مەترسییەکان تاکو ئێستاش هەڕەشەن بۆ پێگە و لەباربردنی هەرێمەکەمان".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP