ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی یه‌كێتی: له‌به‌غداوه‌ قه‌ره‌بووی دوكانداره‌كانی داره‌سوتاوه‌كه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌

کوردستان
17:23 - 2025-04-05

ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی یه‌كێتی هه‌وڵده‌دات زیانی مادی و داراییه‌كانی ئاگره‌كه‌ی داره‌سوتاوه‌كه‌ی سلێمانی له‌به‌غداوه‌ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌

د.نه‌رمین مه‌عروف ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق  لە فراکسیۆنی یەکێتی به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی راگه‌یاند:"بۆ زیانه‌ مادی و داراییه‌كان هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین تاحكومه‌تی فیدراڵ له‌ بودجه‌ی یه‌ده‌گی له‌ناكاو قه‌ره‌بووی به‌شێك له‌و زیانانه‌ بكاته‌وه‌".

"بەپێی مادەی شەش لە یاسای بودجەی گشتی عیراق دەتوانرێت بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو بڕی سێ ملیار دینار تەرخان بکرێت، کە لە یاساکەدا 150 ملیار دینار بۆ رووداوە نەخوازروەکان تەرخان کراوە، ئێمەش لە رێگەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە داوا دەکەین بەپێی ئەو مادەیە قەرەبووی کاسبکارانی بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی بکرێنەوە"، د. نەرمین مەعروف وایوت.

به‌یانی ئه‌مڕۆ 5-4-2025 له‌ناوبازاڕ‌ی سلێمانی، به‌دیاریكراوی له‌ بازاڕی داره‌سووتاوه‌كه‌ ئاگر له‌چه‌ند دوكاتێك كه‌وته‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی 150 دوكان بوو، پاشان له‌لایه‌ن به‌رگری شارستانی سلێمانییه‌وه‌ ئاگره‌كه‌ كۆنترۆڵكراو ژماره‌یه‌ك دوكان زیانی ماددیان پێگه‌یشت، خۆشبه‌ختانه‌ رووداوه‌كه‌ زیانی گیانی پێوه‌نه‌بوو.

هه‌رچه‌نده‌ تائێستا به‌ره‌سمی هۆكاری ئاگره‌كه‌ و زیانه‌ ماددییه‌كان رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌، به‌ڵام كاسبكارانی بازاره‌كه‌ ده‌ڵێن: نزیكه‌ی 150 دوكان له‌كۆی 200 دوكان سووتاون و زیانیان به‌ركه‌وتووه‌.

هاوكات ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگەیاندن ئاشکرای کرد، :"نزیکەی 150 دوکان زیانیان بەرکەوتووە، وەک ئیدارەی خۆجێی نوسراو ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بۆ هاوکاریکردنی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە".

راشیگەیاند: " تا ئێستا هۆکاری ئاگرەکە نازانرێت، لە رێگەی لیژنەکەوە لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەکرێت".
قائیمقامی سلێمانی لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەشکرد :"پێویستە گشت رێوشێنەکانی سەلامەتی لەم جۆرە شوێنانە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ئەم روداوە ناخۆشانە دوبارە نەبنەوە".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP